لە نەخۆشخانەیەكی شاری نەجەف ئاگر كەوتەوە

11/06/2024 عێراق

نەوا-
نەخۆشخانەیەكی شاری نەجەف بەهۆی شۆرتی كارەباوە گڕی گرت، تیمەكانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەجەفیش توانیان 41 منداڵی نەبەكام لە سووتان رزگار بكەن.
 نوئاس سەباح، هاوئاهەنگیكاری میدیایی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، دەستوەردانی خێرای تیمەكانی بەرگری شارستانی وایكرد هیچ زیانێكی گیانی دروست نەبێت و هەموو منداڵەكان كە 41 منداڵ بوون رزگاركران و سەرجەمیان تەندروستییان باشە.
 هەروەها غەسان هاتف عكایشی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا رایگەیاند: ئەمڕۆ بەهۆی شۆرتی كارەباوە ئاگر لە هۆڵی منداڵبوون كەوتەوە، سوپاس بۆ خودا بە هەوڵی هەمووان لە تیمەكانی بەرگری شارستانی، كارمەندانی نەخۆشخانە هەموویان لە ئافرەتان و پیاوان، هاوكاربوون بۆ دەركردنی نەخۆشەكان لە هۆڵەكە و منداڵانی نەبەكام، هیچ زیانێكی گیانیمان نەبووە سوپاس بۆ خودا كۆنتڕۆڵی سەرجەم بەشەكانی دامەزراوەكە كرا.
 تیمەكانی بەرگریی شارستانیی نەجەف سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە هۆكارەكانی ئاگرەكە و دوای ئەوە راپۆرتێك بۆ پارێزگا و بۆ سەرووی خۆیان لە بەرگری شارستانی بەرزدەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group