لە فلیپین كۆكردنەوەی پاشماوەكان بەرامبەرە بە بەدەستهێنانی برنج

پێش 3 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا-
چالاكوانانی ژینگە لە یەكێك لە هاوینەهەوارەكانی غەواس لە فلیپین رێگەیەكی نوێی بەكارهێنا بۆ پاككردنەوەی كەناراوەكان، ئەویش بۆ هەر كیسێك پاشماوە كە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەكەوە كۆدەكرێتەوە كیسەیەك برنج بە دیاری وەردەگرن.
شارۆچكەی مابینی سەر بە پارێزگای باتانگاس بە بەردی مەرجان و جۆراوجۆری زیندوەریی دەریایی ناسراوە، بەڵام بڵاوبونەوەی پیسبونی پلاستیكی مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئاژەڵەكانی وەك كیسەڵە دەریاییەكان دروست دەكات.
خۆبەخشێك بەناوی جولیۆ ئێندایا دەڵێت: زانراوە كە كیسەڵە دەریاییەكان پەڕۆو كیسی نایلۆن دەخۆن هەروەها ماسییەكان مایكرۆپلاستیك دەخۆن كە لە كەنار دەریادا دەشكێن و دەبنە گەردیلە، لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆگرامی برنج بۆ پاشماوە لە نزیكەی دوو ساڵ لەمەوبەرەوە زیاتر لە 4.3 تۆن پاشماوەی پلاستیك كۆكراوەتەوەـ لە بەرامبەردا 2.6 تۆن برنج دابەشكراوە، برنجەكە بە كێشی یەك كیلۆیە، پێداویستیی رۆژانەی خێزانێكی بچوك دابین دەكات.
بەخشەرە تایبەتەكان و كۆمپانیا بچوكەكان بەشداری دەكەن لە دابینكردنی دارایی بەرنامەكە، ئەمەش لە بەرامبەردا یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی پارەی خۆراك بۆ خێزانە كەم داهاتەكان دوای بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی برنج لە چەند ساڵی رابردودا.
جانێت ئاسێڤێدۆ دانیشتوی ناوچەكەیە لەكاتێكدا خەریكی كۆكردنەوەی پاشماوەكان بوە و‌تویەتی: لەماوەی مانگەكەدا پێویستم بە چوار كیس و نیو برنجە ئێستا تەنها دوو كیس برنج دەكڕم.
فلیپین گەورەترین هۆكاری جیهانییە بۆ پاشەڕۆی پلاستیك لە زەریاكاندا، بەو پێیەی بەرپرسیارە لە 36%ی كۆی گشتی جیهانی، بەپێی راپۆرتێكی نوێكراوە كە لەمانگی نیسانی 2022 لەلایەن پڕۆژەی (جیهانەكەمان لە داتاكان) لە زانكۆی ئۆكسفۆرد بڵاوكراوەتەوە.
ئامادەكردنی: رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group