هاتوچۆی بەغدا بۆ كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان كامێرای زیرەك بەكاردەهێنێت

20/07/2024 عێراق

نەوا-
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عیراق تەئكیدیكردەوە، كامێرای چاودێری زیرەك لەسەرجەم ناوچەكانی بەغداو پارێزگاكان بەمنزیكانە دادەنرێت كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی سەرپێچی و روداوەكانی هاتوچۆ هەیە.
محەمەد عەلی حەسون وتەبێژی هاتوچۆی عیراق رایگەیاندوە، لە 5 یەكتربڕی شاری بەغدا كامێرای چاودێری زیرەكیان داناوە دەركەوتوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوە بۆ كەمكردنەوەی روداوەكان و سەرپێچیكردنی شۆفێران، چونكە كامێراكان لە دوری 300 مەترەوە توانای تۆماركردنی سەرپێچیكردنی شۆفێریان هەیە.
وتەبێژی هاتوچۆی عیراق باسی لەوەشكردوە، كامێرا زیرەكەكان سەرپێچییەكان تۆمار دەكەن كەبەپێی یاسای هاتوچۆی ساڵی 2019 بڕیاری لێدراوە، ئەمەش هەنگاوێكی راستە بۆ راستكردنەوەی سیستمی هاتوچۆ، بەمنزیكانەش لە بەغداو سەرجەم پارێزگاكانی عیراقدا دادەنرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group