تاپۆكردنی زەوی لە سنوری حەوت گوندی سلێمانی دەستپێدەكات

04/08/2024

نەوا-
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، كەلەم هەفتەیەدا تاپۆكردنی زەوییەكانی حەوت گوندی دیكە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
دیلمان لەتیف سەرۆكی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆكردنی خانوە زیادەڕۆكان رایگەیاند، كە تاپۆكردنی گوندەكانی كۆڵەبی، داربەڕوڵە، گوندی كانی پان، كانی سەفەر، كەڵەوانان، جێشانە و باڵچوخ لەم هەفتەیەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەپێی یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 هەمواركراو.
باسی لەوەشكرد، ئەو كەسانەی كە لە ماوەی یاسایدا داواكاریان پێشكەش بە پارێزگای سلێمانی كردوە با ئیستینساخی (كارتی نیشتمانی) یان (رەگەزنامە و پێناس)ی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبكەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەكیەكانمان بكەن.
ئاشكراشیكرد، یەكێك لە مەرجەكانی تاپۆكردن ئەوەیە كە داواكار خاوەنی بینای خانوەكە بێت، بۆیە ئەگەر كەسێك لە پاش داواكاریكردن خانوەكەی فرۆشتبێ و لەكاتی سەردانی لیژنە لاوەكییەكانماندا كڕیارەكە لە خانوەكەدا بێت ئەوا تاپۆكردنی خانوەكە رەت دەكرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانوانەوە مەكەن هەتا تاپۆ دەكرێت بەناوتانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group