نەوا-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید تایبەت بە منداڵان ئاشكرای دەكات، پیسبونی خۆراك لەم وەرزەدا هۆكاری سەرەكیە بۆ توشبون بە سكچون و رشانەوە لەنێو منداڵان.
كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، زۆرینەی ئەو منداڵانەی توشی سكچون و رشانەوە دەبن ئەوانەن كە خۆراكی پیسبو و نەشۆراویان خواردوە یاخود ئەوانەن كە ئاوی پیسیان خواردۆتەوە.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە مانگی تەمموزدا 18 هەزارو 181 منداڵ لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵان بینراون و لەو ژمارەیەش هەزارو 130 توشبوی سكچون و رشانەوە تۆماركراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەناو توشبوانی سكچون و رشانەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی شیری قوتو دەخۆن زیاترە لەو منداڵانەی شیری دایك دەخۆن، بەمەش هۆشداری دەدرێت لە بایەخدانی زیاتر بەشیری دایك.