نەوا-
لە دەرەنجامی توێژینەوەیەكدا زانایان پەیوەندییەكیان لەنێوان سەرنجڕاكێشیی مرۆڤەكان لە تەمەنی گەنجیداو تەمەنی چاوەڕوانكراویان دۆزیوەتەوە.
گۆڤاری زانستی كۆمەڵایەتی و پزیشكی ئاماژە بەوەدەكات، زانایانی زانكۆی ئەریزۆناو زانكۆی تێكساس لە ئەمریكا پەیوەندییەكیان لەنێوان سەرنجڕاكێشیی مرۆڤەكان لەتەمەنی گەنجیداو تەمەنی چاوەڕوانكراویان دۆزیوەتەوە، توێژەران بڕیاریانداوە بزانن جوانی جەستەی مرۆڤ چۆن پەیوەندی بە تەندروستییەوە هەیە، لەگەڵ هۆكاری دیكە وەك داهات و باری هاوسەرگیری و ئاستی خوێندن.
باس لەوەشكراوە، سەرنجڕاكێشیی جەستەیی دەتوانێت كاریگەری ئەرێنی لەسەر پرۆسەكانی چینبەندی كۆمەڵایەتی هەبێت، وەك هەلی دامەزراندن، بەدەستهێنانی داهاتێكی زیاترو پێكهێنانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، بێگومان ئەم سودە كۆمەڵایەتیانە دەتوانن ببنە هۆی دابینكردنی ژیانێكی باشتر، ئەمەش ئەو رۆڵە گرنگە ئاشكرا دەكات كە جوانی دەیگێڕێت لە تێڕوانینی گشتیدا، توێژینەوەكە زانیارییەكانی زیاتر لە 8 هەزار دەرچوی ئامادەیی لەساڵی 1957 دەست كەوت كە رێگەیاندا داتای تەندروستیی 30 ساڵەیان ببەخشنە توێژەرەكان.
ئەوەش خراوەتەڕو، توێژەران وێنەی ئەلبومی ساڵانەی قوتابخانەكانیان بەكارهێنا بۆ هەڵسەنگاندنی سەرنجڕاكێشیی قوتابییەكان بەپێی پێوەرێكی تایبەت، پاشان ئەنجامەكانیان بەراورد كرد لەگەڵ زانیاریی دیكە سەبارەت بە بەشداربوانی توێژینەوەكە، ئەنجامەكان دەریانخستوە كە ئەو كەسانەی كە كەمتر بە سەرنجڕاكێش هەڵسەنگێنراون مەترسی مردنیان زیاترە بە بەراورد بەو كەسانەی كە مامناوەندن لە سەرنجڕاكێشیاندا.