نەوا-
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن و بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر كۆبونەوەو هۆشداریاندا كە ئیسرائیل ناوچەكە بەرەو شەڕێكی گشتگیر دەبات.
لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی 79هەمینی خولی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەنیویۆرك، فوئاد حسێن لەگەڵ هاوتا میسری و ئوردونییەكەی كۆبۆوەو بەپێی راگەیانراوێكی هاوبەش لە كۆبونەوەكەدا باس لە رێڕەوی كاركردن لەچوارچێوەی میكانیزمی هاریكاری سێقۆڵی كراوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ بەستنی لوتكەی سێقۆڵی داهاتو لەسەر ئاستی سەركردەكانی هەر سێ وڵات لە قاهیرە.
راشگەیەنراوە كە لە میانی كۆبونەوەكەدا گرژییەكانی ئێستای ناوچەكە تاوتوێ كراون و لەوبارەیەوە جەختكراوەتەوە كە كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا پەیوەندیدارە بە وەستاندنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە.