نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عیراق بانگهێشتنامەیەكی لە شای سعودیەوە پێگەیشت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی ئیسلامی سەبارەت بە غەزەو لوبنان.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بانگهێشتنامەیەكی فەرمی لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود شای سعودیەوە پێگەیشت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی ئیسلامی كە لەلایەن ریازەوە میوانداری دەكرێت، سەبارەت بە پێشهاتەكانی دۆخی غەزەو لوبنان و بەردەوامی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل.
بانگهێشتنامەكە لەلایەن عەبدولعەزیز ئەلشەمەری باڵیۆزی شانشینی سعودیە لە بەغدا گەیەنرایە دەستی سەرۆك وەزیرانی عیراق و لە دیدارێكیشدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لەبوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابوریدا تاوتوێكران و جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی هەڵوێستەكان و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەردو گەلی وڵاتدا.