قائیمقامی سلێمانی دەڵێت: بۆ سەلامەتی كرێكاران زیاتر لە یەك هەزار شوێنیان ئاگاداركردوەتەوەو 7 شوێنیشیان داخستوە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاندوە، لەپێناو سەلامەتی كرێكاران لەڕێگەی لیژنەكانیانەوە بەهۆی نەبونی مەرجی سەلامەتی شوێنێكیان داوە بە دادگا، هەروەها زیاتر لە یەك هەزارو 100 شوێنیشیان ئاگاداركردوەتەوە كە مەرجەكانی سەلامەتی جێبەجێ بكەن، ئەمە جگە لەوەی 7 شوێنیشیان لەسەر پابەندنەبون داخستوە.
قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاندوە، هەوڵەكانیان چڕتر دەكەنەوە بۆ پاراستنی گیانی كرێكاران تا ژیانێكی شایستەیان هەبێت، چونكە چینی كرێكاران لە كوردستان چینێكی سەرەكی كۆمەڵگە پێكدەهێنێت و هەمیشە رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبوە لە گەشەو ئاوەدانكردنەوەو بنیادنانی وڵاتەكەیان.
ئاوات محەمەد وتوشیەتی، ساڵانێكە گرنگی بە ژیان و سەلامەتی كرێكار دەدەن كار بۆ باشتربونی هەلومەرجی كرێكاران و ژینگەی كاركردنیان دەكەن، لیژنەی سەلامەتی لەسەرەتای دەستبەكاربونیەوە لەساڵی 2018 تائێستا توانیویانە 8 هەزارو 181 سەردان بۆ كارگە، كۆمپانیاو شوێنە گشتییەكان ئەنجام بدەن و یەك هەزارو 104 شوێنیان ئاگاداركردۆتەوە كە پێویستە لەشوێنی كاركردنیاندا رەچاوی مەرج و رێنماییەكانی سەلامەتی كرێكار بكەن.