هەردوو پارێزگاری هەولێرو زنجان لە كۆماری ئیسلامی ئێران رێككەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردوەتەوە، دوای ئەنجامدانی یەكەمین كۆبونەوەی نێوان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو سەید موحسین سادقی پارێزگاری زنجان، لێكتێگەیشتنی نێوان هەردو پارێزگا لەپێناو پتەوكردنی پەیوەندییە گشتییەكانی نێوان هەردولاو بەهێزكردنی جموجوڵی بازرگانی و ئابوری و گەیشتن بە رێككەوتن و بەرفراوانكردنی بەرژەوەندییە ئابورییە هاوبەشەكان واژۆكرا.
بەگوێرەی رێككەوتننامەكە هەردولا بەمەبەستی بەهێزكردنی هاوكاری تەكنەلۆژی و پیشەسازی، بیروڕا لەبارەی دۆخی ئابوری و بازرگانیی و گۆڕانكاری لە رێنماییەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن و یەكتر ئاگادار دەكەنەوە لەو چالاكیانەی كە دەتوانن بازرگانی نێوان پارێزگای هەولێرو زنجان بەرەوپێش ببەن.
هەروەها هەردوولا لەبواری پێشانگاكان و پێشانگا نێودەوڵەتییەكان و بەرەوپێشبردنی بازرگانی هاوكار دەبن و پاڵپشتی ئەندامەكانیان دەكەن بۆ بەشداریكردن لەو بۆنانەو هاندەر و پشتگیری لە پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش و دەرفەتی وەبەرهێنان و قازانجی هاوبەش دەكەن.