وەزارەتی دارایی: خانەنشینان مووچەی پێنج مانگ وەردەگرن

14/05/2025

نەوا-
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، لەم مانگەدا ناوی زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی دیكە دەخرێتە لیستی مووچەوە و مووچەی پێنج مانگ وەردەگرن.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی خانەنشین كۆبووەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی خانەنشینان و تێیدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ هەرچی زوو تەواوكردنی دۆسیەی خانەنشیان كردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێكارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر كە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و كاراكردنی سیستەم و دابینكردنی فەرمانبەر و زیادكردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتیەكان دەبینیەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، كە لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواوكراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی دیكە ناوەكانیان داخڵی لیستی مووچە دەكرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەكرێتەوە.
هەروەها، وەزیری دارایی داوای كرد پەلە بكرێت لە دەركردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەكان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group