تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوای هەڵوەشاندنەوەی سزادانی بەكۆمەڵی پزیشكانی نیشتەجێ دەكات

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی بە كۆمەڵی ژمارەیەك پزیشك دەكات بەهۆی ئەوەی لەگەڵ حوكمەكانی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لەهەرێمی كوردستان و  پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان ناكۆكە.
لە راگەیەنراوێكدا تۆڕی هاوپەیمانی 19 بڵاویكردوەتەوە، دوای راگەیاندنی بایكۆتی چەند رۆژی رابردوی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لەنەخۆشخانەكانی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر نوسراوێكی بڵاوكردەوە بە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی و چەند پزیشكێكی لەسەر پابەندنەبون بە كاتی دەوامەوە سزاداوە.
بڕیارەكە لە رۆژی دوەمی جەژنی قورباندا دراوە بە ‌بڕینی موچەو بەنەهاتو هەژماركردنیان، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان پێناسەی چالاكییە مەدەنییەكانی كردوە كە (گردبونەوەی گشتی بەمەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری) لە خۆ دەگرێت، باشتر بو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر داوای پزیشكە ناڕازییەكان وەربگرێت، پاشان لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆ ببێتەوە بەمەبەستی چارەسەری گونجاو لەماوەیەكی دیاریكراوی گونجاودا، نەك پەنا بۆ سزادانیان ببات.
تۆڕی هاوپەیمانی 19  ئاماژەشیكردوە، نیگەرانن كە سزای پزیشكانی هەولێر بكرێتە پێشینەیەك بۆ سزادانی ئەو چینوتوێژانەی لە رێی چالاكی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن، بۆیە لە بری پەنابردن بۆ بڕیارەكە كە پێچەوانەی حوكمـەكانی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە، پێویستە داوا رەواكانیان كە داوای یەك هەزارو 600 پزیشكە جێبەجێ بكرێت.
تۆڕی هاوپەیمانی19 لەكۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ پێكهاتوە، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان سەرپەرشتی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group