نەوا-
ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانەكانیدا بۆ كەناڵی سی بی ئێس نیوز، ڕایگەیاند، نزیكەی هەفتەیەك دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هیچ زانیارییەك لەبارەی شوێنی نزیكەی 900 پاوند یۆرانیۆمی پیتێنراو نییە كە ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات پێش هێرشەكە لابراوە.
باسی لەوەشكردوە، نازانین ئێستا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە كوێدایە، وتیشی، ئێران بەرنامەیەكی ئەتۆمی فراوان و گەورەی هەبوە، كە ڕەنگە هەندێكیان هێشتا بەردەوام بن.
گرۆسی لەباسی ئێراندا دەڵێت، ئێران وڵاتێكی پێشكەوتوە لە بواری تەكنەلۆژیای ئەتۆمیدا و ئەمە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناوناچێت، جەختیشی لەوەكردەوە، پرسی ناوەكی ئێران بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە لە ڕێگەی كردەوەی سەربازییەوە چارەسەر نابێت و دەبێت بگەینە ڕێككەوتن.