نەوا-
سەرۆكی هاوپەیمانی موستەقبەلی عیراق دەڵێت، پێویستە زیادەڕەوی لەخەرجی حكومیدا رابگیرێت و موچەی سەرۆكایەتییەكان كەمبكرێنەوە.
باقر جەبر ئەلزوبەیدی سەرۆكی هاوپەیمانی موستەقبەلی عیراق بابەتێكی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندوە، بەپێی راپۆرتێكی پێگەی (بی ئێن ئێن ئەنتیلی نیوزی ئەڵمانی) قەیرانی ئێستای دارایی لەعیراق بەهۆی نەگەیشتنی پرۆژە بودجەوەیە بەئەنجومەنی نوێنەران ئەمەش بوەتە هۆكاری زیادەڕەوی لە خەرجكردنی حكومیدا.
وتوشیەتی، یەكێكی تر لە هۆكارەكان دامەزراندنە لەدەرەوەی پرۆژە یاسای بودجە كە پشكی شێری لەو زیادەڕەوییەدا بەركەوتوە لەگەڵ ژمارەی بێهاوتای ئەو راوێژكارانەی حزبەكان دەیانخەنە ناو سیستمی كاركردنی حكومییەوە هۆكارێكی ترن بۆ زیادكردنی خەرجی كە موچەو دەرماڵەكانیان حەساندونیەتیەوە.
ئەلزوبەیدی وتوشیەتی، بەپێی رێكخراوی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی كورتهێنان لە بودجەی عیراقدا دوهێندە بەرزدەبێتەوە بۆ 4.2% لەمساڵدا بۆساڵی 2026 كۆی گشتیەكەی دەگاتە 9.2%.
لەبەشێكی تردا سەرۆكی هاوپەیمانی موستەقبەلی عیراق وتوشیەتی: پێویستە خەرجییەكانی حكومەت رابگیرێن هەروەها موچەو شایستەكانی هەرسێ سەرۆكایەتییەو ئەنجومەنی نوێنەران و پلە تایبەتەكان كەمبكرێنەوە، پاشان پرۆسەی گەڕان دەستپێبكرێت بۆ سەرچاوەیەكی تر لە داهاتی نەتەوەیی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی، بۆیە پێویستیان بە بڕیارێكی ئابورییە پێشئەوەی بكەونە ناو قەیرانێكی راستەقینەوە كە نەتوانرێت كاری لەگەڵ بكرێت وەك ئەوەی ئێستا لە دۆسیەی ئاودا گەیشتونەتە رێگەیەكی داخراو.