هەڵمەتی پاككردنەوەی پاشماوەی بارانبارینی سنوری سلێمانی بەردەوامە

13 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، هەڵمەتەكانی پاككردنەوەی چەمچەماڵ و شۆڕش بەردەوامی هەیەو لەئێستادا پاككردنەوەی پاشماوەی لافاوە بەهێزەكەی رۆژانی رابردو لە سنوری شارەوانییەكانی ئەو ناوچانە بەردەوامە بە سەدان ژینگەپارێز و ئامێری جیاواز سەرقاڵی راماڵینی پاشماوەی قوڕو لیتەی نیشتوی ناوەندی شارۆچكەكانن.
ئەوەش باسكراوە، لافاو بەسەدان تۆن پاشماوەی قوڕولیتەی هێناوەتە سەر شەقام و نێو ماڵ و فەرمانگە گشتییەكانی حكومەت كە پێویستی بەهەڵمەتێكی هاوبەش و گشتگیری سەرتاسەری هەیە، لە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك و رێكخراوە خۆبەخشەكان و خەڵكانی دڵسۆز سەرقاڵی پاككردنەوەی هەردو شارۆچكەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانی ئەوەشی راگەیاندوە كە شەقامەكانی پیرەمەگرون پاككراونەتەوەو تیمەكان لە قەرەداغ و سەیدسادق و ناڵپارێزو بەرزنجەو بازیان و خەلەكان و سەنگاو لەگەڵ ناوچە زیانلێكەوتوەكانی دیكەی سنوری پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی لابردن و پاككردنەوەی قوڕولیتەو پاشماوەی لافاوەكەن كە ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیان دروستكردوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group