لە سەردەمی خێرابوونی ڕووداوەکاندا، مرۆڤی مۆدێرن لە تۆڕێکی ناسکی سەرقاڵکردندا گیری خواردووە کە سیستەمی جیهانی مۆدێرن بە تارە نەبینراوەکانەوە پێكیهێناوە. ئیتر کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی هێز یان زۆرەملێی ڕاستەوخۆوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو بە خنکاندنی مێشکەکان لەناو گێژەڵوکەی کات بەسەربردن و کورتە کلیپ و ڕیکلامەکاندا کە بەختەوەری لە "چێژوەرگرتنی ساتەوەختە" پێناسە دەکەنەوە. سیستەمی جیهانی سەرقاڵکردن لە خۆوە نییە بەڵكو بەرهەمی داڕشتنەوەی کۆمەڵایەتی وردە، ئامانجی بەتاڵکردنەوەی مرۆڤە لە جەوهەری تێڕامان و داهێنەرانەی خۆی، وەگۆڕینی بۆ بەکاربەرێکی هەمیشەیی کە نە پرسیار دەکات و نە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و خەونەکانی سنووردارە بەو شتانەی کە پێشکەشی دەکرێن. بەڵێنی ئازادی پێدراوە، بەڵام ئیرادەی هێواش هێواش و لێزانانە لێی دەسەندرێتەوە. سیستەمی مۆدێرن بە سەرکەوتوویی ئەو بیرۆکەیەی خستۆتە بازاڕەوە کە "چێژ وەرگرتن" ئامانجی کۆتاییە، بیرکردنەوە لوکسێکی بێمانایە و داهێنان هیچ پاداشتێكی نیە. بەم شێوەیە مرۆڤ لە قاڵب دەدرێتەوە بۆ بینەر نەک بەشداربوویەکی چالاک، سەرسام نەک دروستکەر، وەرگرێکی پاسیڤ نەک ڕەخنەگر. نیل پۆستمان لە کتێبی "کات بەسەربردن تا مردن" باس لەوە دەکات کە میدیای مۆدێرن چیتر ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانین بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەتاڵکردنەوەی لە ماناکانی. هەموو شتێک- سیاسەت، ئایین، پەروەردە، تەنانەت کارەسات- دەگۆڕێت بۆ کات بەسەربردن. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا، ئەم دیاردەیە چەند هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە لوتکە. مرۆڤی مۆدێرن چیتر بە چەوساندنەوە ڕێبەرایەتی ناكرێت، بەڵکو بە ڕاکێشان؛ بە زۆر ملکەچ نابێت، بەڵکو بە ئالوودەبوون. هێربێرت مارکوز لە کتێبی "مرۆڤی یەک ڕەهەندی"دا باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان فۆرمێکی نوێی کۆنترۆڵکردنیان پەرەپێداوە. کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی "ڕازیکردنەوە"، کە تاکەکان لە دەریایەکی ئارەزووی دەستکرددا نوقم دەبن، وایان لێدەکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە ئازادن، لەکاتێکدا لە واقیعدا دیلی سیستەمێکن کە پێداویستییەکانیان بەرهەم دەهێنێت و ئارەزووەکانیان پێشوەختە دیاری دەکات. گای دیبۆرد لە کتێبی " کۆمەڵگەی دیمەنەکان"دا ، دەڵێت هەموو شتێکی ڕاستەقینە لە ژیانی مرۆڤدا بە "نوێنەرایەتی" جێگەی گرتووەتەوە؛. واتە وێنە نەک ڕووداوەکان هۆشیاری دروست دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتمەداران ڕۆڵی دەرهێنەر دەبینن، شانۆکە کۆنتڕۆڵ دەکەن نەک بە سەپاندنی گوتاری ڕاستەوخۆ، بەڵکو بە بەرهەمهێنانی ڕژێمێکی بەردەوامی ڕووداو و هێما و دیمەنەکان کە بە تایبەتی بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک داڕێژراون. سیاسەتمەداران لێرەدا کەمتر خەمی قەناعەت پێکردنی خەڵکیان بە بڕیارەکانیانەوەیە نەک سەرقاڵکردنیان و تامەزرۆی ناوەڕۆکی نوێ و نوقمبوونیان لە بەشداریکردنی ڕووکەشدا. لەگەڵ هەر شەپۆلێکی هەواڵی هەستیار یان مشتومڕی بەرهەم هێنراو یان بینینێکی سیاسی، هاوڵاتی پاڵدەنرێتە ناو بینەرێکی هەمیشەییەوە، سەیری دراماکە دەکات کە دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی بەشێک بێت لە دروستکردنی. بەم شێوەیە حوکمڕانی لە بەڕێوەبردنی واقیعەوە دەگۆڕێت بۆ بەڕێوەبردنی سەرنج، لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە بۆ ڕێکخستنی وەهمەکان، بەجۆرێک قەناعەتەکانی خەڵک بەو چاویلکە پێشکەش دەکرێن کە پێشکەشیان دەکرێت، نەک بەو واقیعانەی کە ئەزموونی دەکەن. لە عێراقدا لە نێو دیمەنە قەرەباڵغەکانی شارەکان و زەنگی مۆلیدەکان و جەنجاڵی شەقامە ماندووەکان، حزب و بلۆکە سیاسییەکان تارە وردەکانی سەرقاڵکردن دەبەستنەوە و دەیانخەنە سەر مێشکی خەڵک. ئیتر کۆنترۆڵکردن بەسەر هاووڵاتییاندا لە ڕێگەی وتاری سیاسی ڕاستەوخۆ یان بەڵێنی گەشەپێدانی درەوشاوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی شاشەیەکی بچووکەوە کە هەموو ساتێک دەردەکەوێت. هێزە سیاسییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە عەقڵی بەکۆمەڵ دەتوانرێت بە ئاسانی ملکەچ بکرێت کاتێک لەناو گێژەڵوکەی کات بەسەربردنی زیادەڕۆیی نوقم دەبێت کە مانا قووڵەکان لە هۆشیاری گشتی دەسوتێننەوە. ئەو بیرۆکەیە لە مێشکی هاوڵاتیدا چێنراوە کە بیرکردنەوە بارگرانییە، کات بەسەربردن ڕزگاریکردنە و نیشتمان تەنیا پاشبنەمایەکی خۆڵەمێشییە بۆ سەمایەک، ڕیکلامێک، یان گاڵتەیەکی زوو تێپەڕ. بلۆکە سیاسییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دروستکردنی فەزای سەرقاڵکردنی کۆنترۆڵکراو. لە کاتێکدا چاوەکان بە دوایین ڕەوتەکانەوە سەرقاڵن، گرێبەستەکان دەکرێت، هاوپەیمانی دروست دەکرێن و دەرفەتەکان لە دەستی خەڵک دەڕفێنرێن بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێبکات. ئەم سەرقاڵکردنە دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی نوێی کۆیلایەتی، کە نەک بە زۆر بەڵکو بە ئارەزووی سەپێنراوە- کۆیلایەتییەک کە بە زەردەخەنەوە هەڵدەبژێردرێت. مەترسی سەرقاڵکردن تەنها لە دزینی ئازادی مرۆڤدا نییە، بەڵکو لە دزینی هەستی کۆیلەبوونیشدایە. فێڵبازترین شێوەی کۆیلەکردن ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نادیار و فێڵبازانە بەسەر ڕۆحدا دەسەپێندرێت، تا مرۆڤ لەبیری دەچێت کە هەرگیز توانای ئەوەی هەبووە بڵێت "نا". ساڵانێکە چینی سیاسی عێراق وەک درێژکراوەی ئەم سیستەمە نێودەوڵەتییە مامەڵەی کردووە. تەرکیزکردنی میدیاکانیان لەسەر ململانێی پەراوێز، ناکۆکی تائیفی، ناکۆکی وەرزی و تۆمەتبارکردنی یەکتر، بووەتە ڕێبازێکی بەردەوام بۆ دەرهێنانی وزە و سەرنجی عێراقییەکان لە پرسە بنەڕەتییەکانی وەک دەوڵەتی کارا، خزمەتگوزارییە سەقامگیرەکان و سیاسەتی بەرپرسیارانە. لەبری ئەوەی هێزە سیاسییەکان لەسەر بەرنامەکانی گەشەپێدان و ئابووری کێبڕکێ بکەن، ئێستا لەسەر ئەو هێما و پرسانەی کە زۆرجار لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن و دەمەقاڵە دەکەن دواتر وەک "نیگەرانی نیشتمانی" پێشکەش بە خەڵک دەکەن. لەبەرامبەردا هاووڵاتی عێراقی لە واقیعێکی سەختی بێکاری و دابەزینی ئابووری و خراپی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و نەبوونی چاکسازیی ڕاستەقینەدا دەژی. سەرەڕای توندی ئەم واقیعە، جەماوەر پاڵدەنرێتە ناو مشتومڕێکی بێهودە یان بارگاویی سۆزدارییەوە کە کایەی گشتی بە لافاوێکی ژاوەژاو دەبات، ئەمەش ڕێگری دەکات لە هەر گفتوگۆیەکی عەقڵانی سەبارەت بە ئاراستەی ستراتیژی وڵات. ئەم جۆرە سەرقاڵکردنە تەنیا ناوخۆیی نییە؛ بەشێکە لە سیستەمێکی جیهانی کە پشت بە تەکنیکەکانی بڵاوکردنەوەی دژایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەولەویەتەکان و گۆڕینی هاووڵاتی بۆ "وەرگرێکی" باش دەبەستێت نەک چاودێرێکی ڕەخنەگرانە. نوخبەی سیاسی عێراق سوود لەم نەخشە نێودەوڵەتییە وەردەگرێت، بەو پێیەی فەزایەک دروست دەکات کە ڕێگەیان پێدەدات بەبێ سزای لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. سیستەمی جیهانی سەرقاڵکردن پێویستی بەوە نییە حکومەتەکان بەهێز بن یان دادپەروەر بن تەنها ئەوە بەسە کە بیروڕای گشتی سەرلێشێواو بکەن و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی قەیرانە بچووکەکان بن بۆ تەمومژاوی قەیرانە گەورەکان. دیمەنەکە بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت: جەماوەرێکی توڕە، نوخبەیەکی کۆنترۆڵکەر و میدیایەک کە وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ئەو دووانەدا مامەڵە دەکات و وێنەی پارچەپارچە بەرهەمدەهێنێت کە ڕێگری دەکات لە سەرهەڵدانی وێنەیەکی تەواو. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.