نەوا-
سەرۆكی پارتی دەڵێت، پێویستە هەمو لایەنە كوردستانییەكان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە هەمو لایەنە كوردستانییەكان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەو پۆستە پشكی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێت میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێكبكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن.
مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردوە، مەرج نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێت لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.