هەسەدە: گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق لە هێرشەكانییان بەردەوامن

19 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
"هەسەدە" رایدەگەیەنێت، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق هێرشەكانیان بۆ سەر دەوروبەری شاری كۆبانێ دەستپێكردووەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"رایگەیاند، لە كاتژمێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق هێرشی چڕیان لە چەند قۆڵێكەوە كردووەتە گوندەكانی (خەراب عەشك و جەلەبیا)، كە دەكەونە باشووری رۆژهەڵاتی شاری كۆبانێ.
بەپێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە، لە دوای دەستپێكردنی هێرشەكانەوە، شەڕ و پێكدادانی سەخت لە نێوان هێزەكانیان و گروپە هێرشكارەكاندا روویداوە، هاوكات دووپاتی كردووەتەوە، هێزەكانیان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكان، بە تایبەت لە گوندی "جەلەبیا"، كە تا ئێستاش شەڕی قورس تێیدا بەردەوامە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، گروپە هێرشكارەكان بەردەوامن لە هێنانی هێزی پشتیوانی زیاتر، لەوانە تانك و زرێپۆش، هاوكات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنەدا، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە.
هەسەدە ئەم هێرشانەی بە پێشێلكارییەكی ڕوون و ئاشكرای ڕێككەوتنی ئاگربەست ناوبردووە، كە تەنها دوو رۆژ بوو چووبووە بواری جێبەجێكردنەوە، بە بڕوای هەسەدە، پابەند نەبوونی دیمەشق بە بەڵێنەكانی و بەردەوامبوونی لە سیاسەتی پەرەسەندنی سەربازی و تێكدانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا پشتڕاست دەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group