نەوا-
لەپەیامێكدا رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان داوا لە دەزگاكانی میدیاو كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان دەكات، پەیامنێرو تیمی میدیاییان لە رۆژئاوای كوردستان پابەندی بنەماكانی سەلامەتی پیشەیی بن و جلی تایبەت بە روماڵی جەنگ بپۆشن و دوربن لە پەخشكردنی ڤیدیۆ و وێنەی سەنگەرەكانی شەرڤانان و بڵاوكردنەوەی لێدوان لە بەرپرسانی سەربازی.
لەپەیامەكەی رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێداندا ئاماژە بەوەشكراوە، بڵاونەكردنەوەی وێنەی سەنگەرەكان بۆئەوەیە تا نەبێتە بڵاوكردنەوەی نهێنی و زانیاری و ئاماری جەنگ و كەلوپەلی بەردەستی شەڕڤان، ئۆتۆمبێلی سەربازی و بارودۆخی شەڕڤان و رەوشی ناوچە سەربازییەكان بەگشت.