نەوا-
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، بە ئامادەبونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كۆبونەوەیەك ئەنجامدراوە كە تایبەت بوە بە لیژنەی پاراستن و رێكخستنی ژینگەی هەولێر تیایدا باس لە بایەخ و گرنگی پێكهێنانی ئەو لیژنەیە كراوە كە دەتوانێت وەكو بابەتێكی هەمیشەیی بەردەوام بڕیاری یەكلایی كەرەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان بدات و رێوشوێنی یاسایی دەرهەق بە هەر كارێكی نایاسایی وەربگرێت.
ئاماژەشكراوە كە لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرۆژەی روناكی پاكبونەوەی ژینگەو كوالیتی هەواو پشتێنەی سەوزایی هەولێر كراوە وەك بەشێك لە ماستەرپلانی پەسەندكراو، هەروەها داواش كراوە بابەتی ژینگە پارێزی وەك بابەتێكی ئاینی و مۆڕالی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت چونكە راستەوخۆ پەیوەستە بە تەندورستی هەر تاكێكەوە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت رایگەیاندوە كەوا لیژنەی پاراستن و رێكخستنی ژینگەی هەولێر بەسەرپەرشتی خودی پارێزگار دەبێت كە ئەركی رێكخستنەوەی بڕیارو رێنماییە ژینگەییەكانی حكومەتی هەرێمە.