نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارو كەلەپوری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، تیمی شوێنەوار پەردەی لەسەر نهێنییەكی مێژویی گەورە لادا لە قوڵگەیەكدا لەناوچەی باغلومنارە كە دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵەو دەكرێت مێژوی سیاسی و ئایینی شانشینی ئەدیابین بگۆڕێت.
لەبارەی گرنگترین زانیارییەكانیش بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارو كەلەپور رایگەیاندوە، تائێستا پاشماوەی 100 كەس لەناو یەك قوڵگەدا دۆزراوەتەوە، هەروەها پارەیەكی كۆن، دوو خڕخاڵی بڕۆنز، دوو مرواری ملوانكەو بازنێكی ئاسن لەگەڵ تەرمەكاندا بون، سەرەڕای ژمارەی زۆری تەرمەكان تەنها 4 پارچە گۆزە دۆزراونەتەوە كە ئەمەش جێگای تێڕمانی قوڵی شوێنەوارناسانە.
رونیشیكردوەتەوە كە گریمانەكان بۆ ئەوە دەچن كە پێدەچێت تەرمەكان لەئەنجامی ململانێی خوێناوی ئایینی بوبێت لە سەردەمی شازادە هێلین یان كوشتارێكی ساسانییەكان و یاخود پەتایەكی كوشندەی وەك تاعون بوە، نمونەی DNA رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بۆ پشكنینی وردی زانستی، پسپۆڕان پێشنیار دەكەن شوێنەكە وەك مۆنۆمێنتێكی نیشتمانی بپارێزرێت.