پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێكمان دەستگیر كردوە كە ئازاری ژنێكی بەساڵاچوی داوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە هەڵیكوتا بووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشكەنجەدانێكی زۆر و بریندار كردنی، زێرەكانی دەدزێت و هەڵدێت.
باس لەوەشكراوە، روداوەكە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ رویداوە و تۆمەتبارەكە دەمامكیی كردوە و هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی ژنێكی بەساڵاچوو، كە بەتەنها ژیاوە.
پۆلیسی سلێمانی رونیشیكردۆتەوە، تۆمەتبارەكە ژنەكە دەبەستێتەوە و ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر زێرەكانی دەدزێت و هەڵدێت.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەر هێزەكانیان لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربكرێت و دەستیشگیرا بەسەر زێرەكانیدا دزراوەكەدا.