ئومێد خۆشناو: بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەك هێرشی درۆنی كراوەتە سەر كۆگایەكی رۆنی ئۆتۆمبێل

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەك هێرشی درۆنی كراوەتە سەر كۆگایەكی رۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێكی گەورە كەوتووەتەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا اماژەی بەوەكرد، هێرشی یەكەم لە كاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، بەڵام لە كاتژمێر 8:40 خولەك و لە كاتی سەرقاڵبوونی تیمەكان بە كارەكانیان، جارێكی دیكە لە رێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش كراوەتەوە سەر هەمان شوێن.
باسی لەوەشكرد، زنجیرە هێرشەكان بەردەوام بوون و لە كاتژمێر 10:20 خولەكی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێكی دیكە لە شوێنی ئاگرەكەیداوە، بە گشتیی 3 درۆن لە كۆگاكەیان داوە و درۆنێكی دیكەش پێش پێكانی ئامانجەكەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە".
ئومێد خۆشناو وتیشی، لەپێناو پاراستنی گیانی كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و تیمەكانی بەرگریی شارستانی، داواكراوە لە شوێنی رووداوەكە دووربكەونەوە، چونكە بەهۆی سێ جار بۆردوومانكردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەكەوە، هیچ شتێك لەناو كۆگاكەدا نەماوە نەسوتابێت.
راشیگەیاند، بەهۆی مەترسییەكان و نەبوونی هیچ شتێكی رزگاركراو لەناو كۆگاكەدا، ئێستا تیمەكان چاوەڕێ دەكەن ئاگرەكە خۆی بكوژێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group