دەستەی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی داوای پشتیوانیكردن له یەكدەنگیی دەكات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 ‏دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی لە راگەیەنراوێكدا داوا لە حزب و ناوەندە رۆشنبیری و ‏كلتوریی و كەسایەتییەكان دەكات بەمەبەستی پشتیوانیكردنی پڕۆژەی یەكدەنگی نەتەوەیی ‏پشتیوانیان بكەن.‏
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەییدا هاتوە، وەك دەستەیەكی ‏فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی كوردستانیان لەئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا چەند خاڵێكیان كردوەتە بنەمای ‏كاركردنیان، چونكە‎ ‎روداوەكانی ناوچەكە پێیاندەڵێت ناوچەكە بەگۆڕانكاری خێراو كاریگەردا ‏تێدەپەڕێت ئەگەر هەیە بەشێك لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێكی مێژویی بۆ كورد بڕەخسێنن كە لە ‏سەد ساڵی رابردودا چاوەڕێیان كردوە. ‏
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە دەستەكەیان هەوڵی بنیاتنانی وتارێكی نیشتمانی ‏هاوبەش، وتارێكی شارستانیانە دەدات كە زیاتر بچێتە خزمەتی پرسی نیشتمانی و رێزگرتن لە ماف ‏و ئازادی گەلان و بەیەكەوە ژیان و دوركەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی.‏
داواشیكردوە،‎  ‎تائێستا لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان پشتیوانی بۆ پڕۆژەكە راگەیەنراوە ئەم ‏پشتیوانییە بۆ دۆزی كورد جێگەی دڵخۆشی و سوپاسگوزارییە، جارێكی تر داوا دەكەنەوە پشتیوانی ‏ئەم پڕۆژە نەتەوەییە بكرێت و هەموان بەیەكەوە بەرەو قۆناغی داهاتویەكی باشترو پڕ ئومێدتر ‏هەنگاوبنێن.‏

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەییە:-‏

كوردستانیانی خۆشەویست‎...‎
‎  ‎ڕووداوەكانی ناوچەكە پێماندەڵێت، ناوچەكە بە گۆڕانكاری خێرا و كاریگەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر ‏هەیە بەشێك لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێكی مێژوویی بۆ كورد بڕەخسێنن، كە لە سەد ساڵی ‏ڕابردوودا چاوەڕێمان كردووە، بەڵام دەبێ بزانین، گۆڕانكارییەكان بەبێ ئامادەباشی و یەكدەنگی كورد ‏خۆی، مەرج نییە ئەو دۆخە بڕەخسێنێت، كە كورد دەیخوازێت، چونكە زامنكردنی مافەكانی هەر ‏نەتەوەیەك پەیوەندی بە ئامادەیی و یەكریزی ئەو نەتەوەیە خۆیەوە دەبێت، بۆیە یەكگوتاری و ‏یەكڕیزی كوردان لەم دۆخەدا چیتر وەك تەنها بژاردەیەكی سیاسی و حزبی نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە ‏پێویستییەكی مێژوویی، نەتەوەیی وجڤاكی  بۆ پێناسەكردنەوە و ئامادەسازی بۆ دۆخێكی نوێ، ‏دۆخێك، هەم دەرفەتی مێژوویی تێدا دەبینرێت، هەم مەترسی‎.‎
كوردستانیانی ئازیز‎...‎
‎  ‎ئێمە وەك دەستەیەكی فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی كوردستانیان، لە ئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا، لە ‏چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی یەكدەنگی نەتەوەییمان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەكەدا ئەم شەش ‏خاڵەمان بە بنەما گرتووە‎:‎
‏١‏‎. ‎هەوڵدان بۆ بنیاتنانی گوتارێكی نیشتمانی هاوبەش، گوتارێكی شارستانیانە كە زیاتر بچێتە ‏خزمەتی پرسی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی گەلان و بەیەكەوە ژیان‎.‎
‏٢‏‎. ‎دووركەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی، كاڵكردنەوەی كێشە نێوخۆییەكان و تێپەڕاندنی ‏بەرژەوەندی بچووك و تەسكی حیزبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی‎.‎
‏٣‏‎. ‎بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بكرێتە چەقی كاری سیاسی هاوبەش. هەوڵدان بۆ ‏دووركەوتنەوە لە هەر گوتارێكی پەڕگیری ئایدیۆلۆژی و توندڕەوی نەتەوەیی، كە خزمەت بە پرسی ‏گەلی كورد نەكات‎.‎
‏٤‏‎. ‎دروستكردنی ناوەندێكی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست و ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، ئاراستەی ململانێ و جەنگ بەرەو ‏كوێ دەڕوات، كورد چی بكات، بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لە كام گۆشەی ململانێكاندا ‏دەبینرێتەوە‎.‎
‏٥‏‎. ‎پێكهێنانی دەستەیەكی نیشتمانی هاوبەش بۆ كاری سیاسی و دیپلۆماسی، پەیوەندی و گفتوگۆ ‏لەگەڵ ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی دنیا و ڕوونكردنەوەی دیدی هاوبەشی كوردی بۆ دۆخی ناوچەكە و ‏مافەكانی كورد‎.‎
‏٦‏‎. ‎هەوڵدان بۆ دروستكردنی چەترێكی نیشتمانی بۆ كاری هاوبەش، گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی ‏قەیران و مەترسییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و كۆمەڵایەتییەكان. بەر لەوەی مەترسییەكان بگەنە ‏نێو ماڵەكانمان، پلان و بەرنامەی ئەگەری ڕوودانیان، ڕووبەڕووبوونەوەیان دابنێین‎.‎
‎  ‎بەڕێزان‎...‎
‎  ‎تا ئێستا ژمارەیەك حزب و هێزی سیاسی، ناوەندی ڕۆشنبیری، كولتوری و كەسایەتی، لە ناوەوە و ‏دەرەوەی كوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەكە ڕاگەیاندووە. ئەم پشتیوانییە بۆ دۆزی كورد، ‏جێگەی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری ئێمەیە، هەر وەك چۆن بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ‏بە پرسی ڕەوای گەلی كوردی دەبینین. لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین، جارێكی دی داوا لە حزبەكان، ‏ناوەندەكانی ڕۆشنبیری و كولتوری، كەسایەتی و تەواوی نیشتمانپەروەران بكەین، پشتیوانی خۆیان ‏بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە پیشانبدەن و هەمووان بەیەكەوە بەرەو قۆناغی داهاتوویەكی باشتر و پڕ ‏ئومێدتر هەنگاوبنێین و، بەیەكەوەش ئامادەسازی بۆ بەستنی كۆنفرانسێك بكەین بۆ گفتوگۆكردن ‏لەبارەی چۆنێتی پلان و بەرنامەی كار، سەرخستن و دیاریكردنی میكانیزمەكانی خستنە سەرپێی ‏پڕۆژەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە‎.‎
دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی
‎    ‎‏٣١/٣/٢٠٢٦‏

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group