پەیوەندی نێوان شەکر و شێرپەنجە؛ ڕاستییە زانستییەکان چین؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا هەمەڕەنگ
پەیوەندی نێوان سیستەمی خۆراک و تەندروستی گشتی، بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە، بایەخێکی زۆری پێدەدرێت و پرسیارێکی زۆر دروست دەکات، لەوانە: ئایا شەکر دەبێتە هۆی شێرپەنجە یان گەشەکردنی خێرا دەکات؟ هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە بەربڵاوە، بەڵام وەڵامەکە سادە و یەکلاکەرەوە نییە، چونکە بەڵگە زانستییەکان ئاماژە بە وێنەیەکی ئاڵۆزتر دەکەن. 
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (WebMD)، شەکر هۆکارێکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە کە ڕەنگە پەیوەندی بە زیادبوونی هۆکارەکانی مەترسییەوە هەبێت.
هەموو خانەکانی لەش پشت بە شەکری خوێن (گلوکۆز) دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە، لەوانەش خانە شێرپەنجەییەکان، بەڵام خانە شێرپەنجەییەکان بڕێکی زۆر زیاتر گلوکۆز بەکاردەهێنن، کە دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ هێندەی خانە ئاساییەکان، ئەمەش بۆ پشتگیریکردنی گەشە سەریعەکەیان. هەروەها هەندێک جۆری وەرەم، وەک ئەوانەی لە خانە پولەکەییەکانی سییەکاندا دروست دەبن، پێویستیان بە بڕێکی زۆرتر لە گلوکۆز هەیە بۆ خۆراکدانی زیادبوونیان.
سەرچاوەکانی شەکر لە خۆراکدا:
شەکر لە چەندین سەرچاوەی خۆراکی جیاوازەوە بەدەست دەهێنێت، کە بە چەند شێوەیەک دێن، لەوانە:
فرکتۆز: کە لە میوەکاندا هەیە.
گلوکۆز: کە لە سەوزەواتدا هەیە.
لاکتۆز: لە بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا.
سوکەرۆز: کە هەمان شەکری سەر مێزە و بۆ ناو خواردنەوە و شیرینییەکان زیاد دەکرێت.
هەندێک لەم شەکرانە سروشتین و لەناو پێکهاتەی خواردنەکاندان، وەک فرکتۆزی ناو میوە، لە کاتێکدا هەندێکی تریان لە کاتی پیشەسازیدا زیاد دەکرێن، وەک ئەوەی لە کاتە ساردەمەنییەکان، قاوە و پسکیتدا هەیە. ڕێکخراوە تەندروستییەکان و شارەزایانی خۆراک ئامۆژگاری دەکەن کە سنوورێک بۆ خواردنی شەکرە زیادکراوەکان دابنرێت.
ئایا قەڵەوی گرنگترین هۆکارە؟
زۆرێک لە شارەزایان، لەوانە کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی و پەیمانگای نیشتمانی شێرپەنجە، پێیان وایە شەکر ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵکو قەڵەوی ئەو هۆکارەیە کە زۆرترین پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوونەوە هەیە.
کێشی زیادە یان قەڵەوی پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە لایەنی کەم ١٣ جۆری شێرپەنجەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجەی مەمک، جگەر و کۆڵۆن. لەگەڵ ئەوەشدا، قەڵەوی حاڵەتێکی ئاڵۆزە و چەندین هۆکار تێیدا بەشدارن، تەنها شەکر بەرپرسیار نییە لێی.


ڕوانگەیەکی تر: ڕۆڵی ئەگەریی شەکر
لەلایەکی ترەوە، هەندێک لە توێژەران پێیان وایە شەکر ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆی هەیە لە هاندانی شێرپەنجەدا، یەکێک لەوانە دکتۆر (لویس کانتلی)، بەڕێوەبەری سەنتەری مایەر بۆ شێرپەنجە لە کۆلێژی پزی
شکی وایل کۆرنێل لە نیویۆرک، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئەنسۆلین (کە شەکری خوێن ڕێکدەخات) ڕەنگە بەشدار بێت لە دەسپێکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجەدا.
کانتلی پێی وایە شەکر ئاستی ئەنسۆلین بەرز دەکاتەوە، و ئەم بەرزبوونەوە بەردەوامە ڕەنگە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان چالاک بکات، لەبەر ئەوە، ئەو خۆی بەدوور دەگرێت لە خواردنی شەکرە زیادکراوەکان و پێی وایە پەیوەندی نێوان شەکر و شێرپەنجە شایانی ئەوەیە مرۆڤ لێی بەحەزەر بێت.
چی بخۆین؟
تەنانەت ئەگەر بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەش نەبێت کە شەکر ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی شێرپەنجە، کەمکردنەوەی خواردنی شەکرە زیادکراوەکان بژاردەیەکی تەندروستە،  ڕاسپاردە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕی شەکر لە ڕۆژێکدا بۆ ژنان نابێت لە ٦ کەوچکی بچووک زیاتر بێت، و بۆ پیاوان لە ٩ کەوچک.
بەپێی ئامارەکان، تێکڕای خواردنی شەکر بۆ هەر کەسێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگاتە نزیکەی ١٧ کەوچکی بچووک لە ڕۆژێکدا، واتە نزیکەی ٦٠ پاوەند (٢٧ کیلۆگرام) لە ساڵێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی ئەنسۆلین و زیادبوونی هۆکارەکانی مەترسی پەیوەندیدار بە شێرپەنجە.
توێژەر (بیینگ یانگ) لە سەنتەری ئێم دی ئەندرسۆن بۆ شێرپەنجە لە هیوستن، جەخت لە گرنگی کەمکردنەوەی شەکر دەکاتەوە و دەڵێت کە ئەمە  دەببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەو جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی سنووردارکردنی شەکرە زیادکراوەکان، لەوانە (شیلەی گەنمەشامی کە فرکتۆزی بەرزە) کە لە ناو خواردنەوە گازدارەکان، چای شیرینکراو، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنە دەستکاریکراوەکاندا هەیە، جگە لە شیرینی، پسکیت، ئایسکرێم و دانەوێڵەکانی بەیانیان (کۆنفلێکس) کە شیرین کراون.
سەبارەت بە میوەکان کە ڕێژەیەک فرکتۆزیان تێدایە، یانگ ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمانە لە ناو سیستەمێکی خۆراکی هاوسەنگدا بێوەین، چونکە دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان و ڕیشاڵەکان (فایبەر). 
بەڵام ئامۆژگاری دەکات کە بڕی سەوزەوات دەبێت زیاتر بێت لە میوە لە ناو ژەمە ڕۆژانەکاندا، بەجۆرێک سەوزە لایەنی کەم سێ ژەم بێت لە کۆی پێنج ژەمی ڕۆژانەی میوە و سەوزە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group