نەوا-
ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندوە، ئەو هەوڵانەی بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دراون لە زۆر روەوە پێشێلكاری یاسایی و سیاسییان تێدایە.
ئەشواق جاف لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئاماژەی بەوە كردوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عیراق هەر دانیشتنێك پێویستی بە رەزامەندی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە، بەڵام دانیشتنەكە بەبێ رەزامەندی جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاریكراوە، ئەمەش وای لێدەكات دانیشتنەكە لە روی رێكارە یاساییەكانەوە جێگەی گومان بێت و نایاساییە.
راشیگەیاندوە، دەبێت كاندیدی سەرۆك كۆمار بە ئیرادەیەكی كوردستانی و لەناو ماڵی كوردا یەكلابكرێتەوە نەك لایەنە نەكوردستانییەكان دەستوەردان بكەن و بڕیاربدەن كێ ببێتە كاندیدی كورد.