نەوا-
تەمومژ و ناڕوونی باڵی كێشاوە بەسەر هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نوێ لە ئیسلام ئاباد لەنێوان واشنتۆن و تاراندا.
دوای ئەوەی ئێران ڕەتیكردەوە بەشداریی خۆی پشتڕاست بكاتەوە، هاوكات ئەمریكاش دەستی بەسەر كەشتییەكی بارهەڵگری ئێرانی داگرت، ئەمەش تەنها یەك ڕۆژ پێش كۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی لەسەر ڕێڕەوە دیپلۆماسییەكە جیددی نییە و ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی پێشێل كردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا بەشداری گەڕی دانوستانەكان دەكات یان نا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، شاندێك دەنێرێتە پایتەختی پاكستان، وەك هەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی وتووێژەكان بە مەبەستی كۆتاییهێنانێكی هەمیشەیی بەو جەنگەی لە 28ی شوباتدا دوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا.
لە لایەكی دیكەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دا كە تاران «كارتی نوێ» ئاشكرا دەكات ئەگەر جەنگ دەست پێ بكاتەوە.
قالیباف وتیشی: ئێمە قبوڵی ناكەین لەژێر هەڕەشەدا دانوستان بكەین، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا خەریكی خۆسازدان بووین بۆ نیشاندانی كارتی نوێ لە گۆڕەپانی جەنگدا.