هاكان فیدان: ئیسرائیل ئاسایشی تەواوی جیهانی بە بارمتە گرتوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتەكانی ئیسرائیل بوونەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی جیهان و پێویستیان بە وەڵامدانەوەیەكی بەكۆمەڵی نێودەوڵەتی هەیە. 
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە میانەی وتارێكدا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا لەژێر ناونیشانی (گۆڕانكاری لە سیستەمی جیهانی) ڕایگەیاند، ئیسرائیل بۆشاییەكانی سیستەمی نێودەوڵەتی قۆستووەتەوە و ئاسایشی تەواوی جیهانی بە بارمتە گرتووە.
باسی لەوەشكرد، ئیسرائیل جەنگی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئێرانەوە كرد و وەك گورزێك بۆ سەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی جیهان وەسفی كرد، كە پێویستیی وڵاتەكەی وەك هێزێكی مامناوەند بۆ نێوەندگیری زیاتر دەرخستووە.
سەبارەت بە دۆخی غەززە و ناوچەكەش وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، ئەوەی لە غەززە و ئێستاش لە ململانێ فراوانەكاندا ڕوودەدات، تاقیكردنەوەیەكە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی كە جیهان تێیدا كەوتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، مۆدێلی "دیپلۆماسیی سەركردایەتی"ی وڵاتەكەی بە سەرۆكایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەك چارەسەرێك بۆ قەیرانەكان خستە ڕوو، ڕوونیشیكردەوە، ئەم مۆدێلە پشتی بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سەركردەكان بەستووە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆتینی خاوی دیپلۆماسی و ڕێگریكردن لە جەنگی سەرتاسەری لە ساتە هەستیارەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group