نەوا-
سوپای ئوردن ژمارەیەك خاڵی بازرگانیكردنی چەك و ماددەی هۆشبەری لەسەر سنوری وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا بۆردومانكردو لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، فڕۆكە جەنگییەكانیان لەمیانی زنجیرەیەك هێرشدا ژمارەیەك كارگەو كۆگای چەك و مادەی هۆشبەریان لە باكوری سنوری وڵاتەكەیان كردوەتە ئامانج.
ئاشكراشیكردوە، ئەو كارگەو كۆگایانەی كراونەتە ئامانج وەك سەرچاوەی بەقاچاغبردنی چەك و ماددەی هۆشبەر بۆ ناو خاكی ئوردن لەلایەن ژمارەیەك گروپەوە بەكارهێنراون.
لەلایەكی ترەوە كەناڵی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئوردن بارەگایەكیان كردوەتە ئامانج كە سەربە گروپە چەكدارە یاخیبوەكان بون لە گوندی شەهبای سەر بە پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا، ئەو بارەگایەش چەك و مادەی هۆشبەری تیایدا بوە.