حكومەتی هەرێم..گلەیی و گازەندەی ئێمە و ستایش و پیاهەڵدانی ئەوان

محەمەد فاتیح

22/01/2020

هەرچەندە كەموكوڕی زۆرە، بەڵام كوردستان هەر لەدێر زەمانەوە تاكو ئێستاش نیشتمانێكی شیرین بوە، لەلای خۆمان و لەلای بێگانەكانیش.
ئەگەرچی حكومەت و كاربەدەستان و بەرپرسەكان، كە ئیشێكمان پێیان بێت نایەن بەدەنگمانەوە، بەڵكو هەر بۆشمان نییە بیانبینین و تەنها لە رێی راگەیاندنەكانەوە قسەی زل و خۆشمان بۆ دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرچۆنێك بێت دەستێكیان بەم كوردستانە شیرینەدا هێناوە و جۆرەها باخچە و پارك و سەیرانگا و باڵەخانەی جۆراوجۆریان بەڕووی هاووڵاتیاندا كردوەتەوە و رواڵەتی كوردستانیان بە جوانی راگرتوە.
هەر ئەوەشە وای كردوە هاووڵاتیانی عیراقی لە باشور و ناوەڕاستەوە روبكەنە هەرێمی كوردستان، تەنانەت هاووڵاتیانی وڵاتانی دراوسێش سەردانی كوردستان دەكەن و بەشوێنێكی خۆش وەسفی دەكەن.
ئەوەشمان بیرنەچێت كە هێزە ئەمنیەكان لە پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە رۆڵێكی زۆر ئەرێنی دەگێڕن و خۆنەویستانە و بەبێ جیاوازی سەر و گیان و ماڵی هاونیشتمانیان دەپارێزن، خۆزگە حكومەت و كاربەدەستان و بەرپرسەكانیش یەك تۆزێك هێندەی ئەو هێزانە بەهانامانەوە دەهاتن!
نمونە زۆرن بۆ ئەو كەسانەی ستایشی هەرێمی كوردستان ئەكەن، لەوانە جارێك تەكنیككارێك لە بەریتانیاوە بەسەردانێك هاتە عیراق و سەردانی بەغدا و بەسڕەی كردبو، دواتر سەردانی هەرێمی كوردستانیشی كردبو، پێش ئەوەی بڕواتەوە بۆ بەریتانیا وتی: بەسڕە و بەغدا وەكو دۆزەخ وابون، بەڵام هەولێر و سلێمانی زۆر خۆشبون! بەهەشتن بەراورد بەو شارانەی ناوەند و باشوری عیراق.
هەروەها هاووڵاتیانی باشور و ناوەڕاستی عیراقیش لە نێوانیاندا نوسەر و رۆشنبیرەكانیان، هەرێمی كوردستان وەكو نمونەیەكی جوان باس دەكەن و داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن شارەكانیان وەكو شارەكانی هەرێم لێ بكەن.
لەو بارەیەوە (مالك عبدون ئاشور) نوسەر و چالاكوان و خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا پێیوتم: ئێمە حەزدەكەین بەغداش وەكو هەرێمی كوردستانی لێبێت لە روی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئاستی رۆشنبیری و فیكری و بەرەو كۆمەڵگەیەكی شارستانی هەنگاو بنێین.
هەروەها دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بۆ پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵكی هەرێم دەربڕی، وتیشی "ئێمە زۆرجار لەناو خۆماندا دەڵێین، ئەگەر حكومەتی بەغدا راست دەكات با چاو لە هەرێمی كوردستان بكات و عیراقیش وەكو ئەوێ لێ بكەن".
هەرچەندە رەنگە لە بابەتەكەش دوربكەوینەوە، بەڵام داوای لێكردم ئەم پەیامەی بگەیەنم و وتی "ئێمەی خۆپیشاندەر روبەڕوی جۆرێك لە مردن و ئەشكەنجە دەبینەوە ئەگەر بێتو بە چاوی خۆت بیبینیت توشی حاڵەتی هیستریا و شێت بون دەبیت، ئەو گازی فرمێسكڕێژەی تێمان دەگرن، ئەگەر بەرمان بكەوێت یان دەمانكوژێت یان توشی حاڵەتی مەترسیدارمان دەكاتەوە، بێجگە لەوەی بەقەناس دەمانكوژن و رۆژ نییە چەند كەسێكمان لێ نەڕفێنن، دواتر هەندێكمان كە دەستگیردەكرێن، وەكو ئەو وتی: لەلایان ئێرانیەكانەوە جۆرەها ئەشكەنجەی لە رادەبەدەر دەدرێن لەوانە هەڵكێشانی نینۆكیان بە پلاییس!".
لەلای خۆیەوە مونتەزەر ناسڕ سەرۆكی رۆژنامەی (العالم الجدید) پێی وتم: بەراورد لەگەڵ ناوەڕاست و باشوری عیراق، هەرێمی كوردستان لە روی بونیادنان و نوێبونەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوەبینیوە ئەویش بەهۆی یەكگرتویی سیستمی ئیداری نێوان هەولێر و سلێمانی و گرنگیدان بە وەبەرهێنان و بونیادنانەوە و ژێرخانی ئابوری، ناتوانین بڵێین نمونەییە، بەڵام زۆر لە ناوەڕاست و باشوری عیراق باشترە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان بە بەتوانایی و شارەزایی و بە زۆر بەهێز ناسراون و دەزگای هەواڵگری زۆر پتەو و چالاكە ئەمەش ئاسایشی بۆ وەبەرهێنەر و گەشتیار دەستەبەركردوە.
سەرەڕای ئەو ستایشانە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاربەدەستان و بەرپرسانی هەرێم زۆر كەمتەرخەمن بەرانبەر بەهاونیشتمانیان، بەجۆرێك دوای نزیكەی 30 ساڵ حكومڕانی "تەنها بۆ ماڵ و كۆشك و تەلارەكانی خۆیان نەبێت" نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری سەرەكی بە باشی پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەن بۆ نمونە كارەبای بەردەوامی نیشتمانی و نەوت بۆ خۆ گەرمكردنەوەی زستانە. بەڵام ئێمە سەرەڕای هەمو شتێك كوردستان بە نیشتمانی خۆمان دەزانین و لەگەڵ شاعیری مەزنمان فایەق بێكەس دەڵێین: خوایە وەتەن ئاواكەی چەند دڵگیر و شیرینە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group