جیهاد لەبەردەم دادگای هەولێر

ژوان ئەحمەد سەعید

27/01/2020

ئەمڕۆ دادگاییكردنی مەلا مەزهەر خۆراسانی، لەسەر سكاڵای كۆمەڵێك چالاكوانی ژنان، لە دادگای هەولێر دەستیپێكرد، لەبەردەم دادگاشدا لەسەر بانگەوازی ژمارەیەك پێشنوێژ‌ و وتارخوێن، كۆمەڵێك لە پیاوان كۆبونەوە‌ و دروشم‌ و هوتافیان كێشا‌و چەند لافیتەیەكیان بەرزكردبۆوە.
ئەوەی جێی سەرنج بوو چەند شتێك بوو:
لە لافیتەی پیاوەكانی پشتیوانی مەلا مەزهەر نوسرابوو: میراتگری پێغەمبەر!! ئایا ئەو میراتگریە بە چ لۆژیكێك مامۆستای ئایینی ئیدی مەلا مەزهەر بێت یان یەكێكی تر، پارێزبەندی دەداتێ لەبەردەم دادگا؟!
پیاوێك كە لەپشتی لافیتەكانەوە وەستابوو دەیوت: مامۆستا مەزهەر ئێستا لەبەرەی جیهادە!! جیهاد بەرامبەر بەكێ؟ دادگا‌و حكومەت؟ یان ژنان كە سكاڵایان لەسەر تۆمار كردوە؟!
یەكێكی دیكە كە قسەی بۆ كۆمەڵە پیاوەكە دەكرد دەیوت: مامۆستا مەزهەر شەست پارێزەری لە پشتە ‌و لەگەڵیدان، بەڵام (جەماعەتی ئافرەتان) بە پارێزەرەكانیشیانەوە ناگەنە 25 كەس.. ئایا پەیڕەوی یاسا لە دیدی ئەوانەوە بە ژمارەیە یان لۆژیكی یاسایی؟!
جگە لە‌و هەموو تەكبیر‌و ئەڵاهوئەكبەر ‌و سەڵاوات لێدانەی كرا. سەیرە، بەردەم دادگا بكرێتە مەیدانی جیهاد، جیهادیش لە دژی كێ؟ ژنێكی موسڵمانی مۆدێرن كە نایەوێ بكرێتە كاڵا و سوكایەتی پێ بكرێت؟ ئایا بە حوكمی ئایین جیهاد بۆ ئەوەیە‌ و جائیزە؟
بەدرێژایی ساڵانی دوای راپەڕین، كوردستان جێی پێكەوەژیانی ئایینی ناوزەد كراوە، لەپاڵیشیدا كەم نەبون ئەو مشتومڕەی كە دەكرا لەسەرئەوەی ئایینی ئیسلام تاكە سەرچاوەی یاسادانان بێت یان یەكێك بێت لە سەرچاوەكان، ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان لەبەردەم دادگای هەولێر ئەوەی بۆ یەكلاكردینەوە كە چەند دروست بوو ئایین تاكە سەرچاوە نەبو.
بەپێی ئایین، سزای هەر تاوانێك هەڵگیراوە بۆ قیامەت، بەپێی یاساش بۆئەوەی ترس لە یاسا شكێنی دروست بێت، سزا تا زوتربێت باشترە، بۆیە دەكرێت كەسێ: با مامۆستای ئایینیش بێت ئەگەر هەڵەیەكی كرد، وازی لێبهێنرێت تا قیامەت‌ و لەسەرئەوەی بەردەوام بێت؟
یاسا پێویستە لەسەروو هەموانەوە بێت، ئیدی مەلا بێت یان هاووڵاتیەكی سادە.
ئەگەر مەلا مەزهەر بەپێی یاسا بێتاوانە ئەوا دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە، ئەگەریش تاوانبار دەرچوو ئەوا پێویستە سزای خۆی وەربگرێت.
پێویستە حكومەتیش لەمەوە وریا ببێتەوە، كاتێك جیهاد دەبرێتە بەردەم دادگا ئەوە چ زەنگێكی مەترسیدارە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی، چ مەترسیەك دروستدەكات كۆمەڵێك پیاو بۆ پشتیوانی پیاوێك، دژی كۆمەڵێك ژن جیهاد رابگەیەنن‌ و تەكبیربكەن لەبەردەم دەزگای دادوەری!


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group