ئەمە چیرۆكی هەموومانە!!

زانا عەبدولڕەحمان

پێش 2 هەفتە

ژیان لە سێبەری كۆرۆنا زۆر زەحمەتە ، دەبێت هەموو لەوە بگەن ژیان دوای سەردەمی كۆرۆناش هەرگیز وەك پێش كۆرۆنایی لێ نایەتەوە ئەم ڤایرۆسە هەر گیانمان ناكێشێت بەڵكو پەیوەندی كومەڵایەتی و بەركەوتنیش لە جیهان لەریشەوە هەڵدەكێشێت.
لەم كاتەدا هەر مرۆڤێك كە بەرێگادا ئەروات ، كە سواری فرۆكە و قیتار و پاس ئەبێت ،گومانی هەیە لەوە تەنیشتی خۆیی، بۆیە كەس بزە بۆ ئەوی تر ناكات هەموو لەژێر دەمامكانەوە بەخێرایی تێئەپەرن، بێ متمانەی تەواوی گۆی زەوی داگیركردوە.
هەموو بیرئەكاتەوە كە ئەوەی مەترسی لەسەرە خۆیەتی ئێستا عاشقەكان خۆیان لەدڵدارەكانیان ئەدزنەوە كەس نایەوێت دەستی ئەوی تر بگرێت
خواناسەكان رێگەی پەرستگایان لێگیراوە بە تەنها لە ماڵەكانیان نزا دەكەن خودایە ئەمە چ زەمەنێكە كەناتوانین دەستێكی ڤایرۆساوی دەستێكی میهرەبان لەیەك جیابكەینەوە ناتوانین بزانین كامە باوەشی گەرمی خۆشەویستیە كامەش باوەشی بارگاویە بە كۆرۆنا هەرگیز وەك ئێستا مرۆڤ گومانی لە تەندروستی خۆی نەبووە بە كۆكەیەك بە هەڵامەتێك بە سەرئێشەیەك قەلەق ئەبێت و ناوكی ئەكەوێت رۆژانە بە ملێون مرۆڤ لەسەر ئینتەرنێت تەنها گەران ئەكەن بۆ ئەم پرسیارە (نیشانەكانی كۆرۆنا چییە؟) بەبێ ئەوەی هیچیان دەست بكەوێت جگەلە دوو دڵی و گومانی زیاتر، لەوانە هیچ كاتێك وەك ئێستا ناوەندەكانی تەندروستی و توێژینەوەی جیهانی و پسپۆر وپزیشكەكان دەستەوەستان نەبووبن ، نازانن چی بكەین و چی بڵێن تەنها ئەوەی لە دەستیان دێت قەرەوێڵەی زیاتر دابینبكەن و ئۆكسجینی زیاتر بەرهەمبهێنن.
یەكێك لە پرۆفیسۆرەكانی بواری پزیشكی زانكۆ ئیست ئەنگێلای بەریتانی رایگەیاندوە كە (هێشتا جیهان ڤایرۆسەكە ناناسێت ئەوەی دەربارەی ئەوترێت هیچی بەڵگەی زانستی سەلمێنراوی نیە، ئاو خوارنەوەی زۆر و سیر خواردن و ڤیتامین و كحول ئەمانە هیچی راست نیە چونكە ئەم ڤایرۆسە بەتەنها ناچێتە گەدە، بەڵكو ئەچێتە خانەكانی لەشی مرۆڤ پاشان بۆ سیەكان ، ئەوەی ئەوترێت گەرما ڤایرۆسەكە لەناو ئەبات ئەویش راست نیە، بۆیە ئەوەی زانیوتە دەربارەی ڤایرۆسەكە تا ئێستا هیچی نەسەلمێنراوە، ئەوانەی كە لەماڵەوە تێستی خۆیان ئەكەن هەناسەیەكی قوڵ هەڵئەمژن بۆ دەسانیە رایدەگرن ئەگەر نەكۆكین ئەوا ڤایرۆسەكەیان نیە ئەوە گاڵتەجاڕیەكی بێمانایە تكایە ئەم شتانە راگرن). پرۆفیسۆرێكی تر زانكۆی ساوزهامپتۆن ئەڵێت: ئەوانەی كە توش ئەبن ئەگەر چاكیش ببنەوە هەرگیز سیەكانیان و هەناسەدانیان وەك پێشتری لێ نایەتەوە مەگەر وەرزشێكی زۆری مەلەوانی و راكردن بكات، دەربارەی تەمەنیش ئەوەی ئەوترێت راست نیە لە رێزی مردوەكان بەسەدان گەنج هەن.
تەنها چارەسەر خۆپاراستنە مانەوەیە لە ماڵەوە ئێستا جیهان وەستاوە لە نیوان دارمانی ئابوری و راگرتنی بازارو كار یان رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسەكە بە زیانی گیانی و ئابوری كەمتر !!! بۆیە لە دوونیا خەڵك ناچارە بۆ پارویەك نان بێتەدەرەوە بچێتە سەركارەكەی، نەك بۆ گەشت و سەیران تۆ لەنیوان مردن و ژیاندایت ئەمە چیرۆكی تازەی مرۆڤایەتیە لەم سەدەیە ئێمە لە نێوان دوو بژاردەداین ئەبینە ئەكتەری چیرۆكەكە و بێدەنگ بەم نەخۆشیە جیهان جێدەهێڵین!!؟ یان دەبینە چیرۆكخوان و شاهید، چیرۆكی ئەوانیتر لەدوای تێپەربوونی كۆرنا بۆ نەوەكانمان ئەگێڕینەوە !!؟
تۆ ئازادی كامیان هەڵئەبژرێت!!


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group