تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا..وڵاتێک بەرەو وێرانە

ئاسۆ مەحمود

31/05/2020

هەر میللەت و وڵاتێک کەرتەکانی (تەندروستی، پەروەردە ، خوێندنی باڵا) باشبو، دڵنیابە ئاسۆی ڕونە ، ئەمڕۆ یان سبەی دەچێتە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتو و خۆشگوزەران ، بە نمونە گەشەسەندنی حەوت شانشینەکەی عەرەبی یەکگرتو ،بە پێچەوانە هەر وڵاتێک لەم سێ کەرتەی سەرەوە باش نەبێت ئەگەر داهاتی هەمو جیهان هی ئەوبێت، خاوەنی بەهێزترین سوپا و هەزاران باڵەخانەی بەرز و شەقامی ڕازاوەبێت ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەکەوێت.
هەرێمی کوردستان سەباری خراپی دۆخی دارای و ئابوری، شکستی ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ، لە دەستدانی کەرکوک و ناوچەکانیتر، هەر سێ کەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵای لە داڕمانی تەواوەتیدایە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەمڕۆ یان سبەی مۆزەمبیق و سوماڵ بەغیلیمان پێ نابات.
کاری حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت چارەسەری قەیرانەکانە نە دروستکردنی قەیران، دەسەڵات موچەی پێ نادرێت لەبری چارەسەرکردنی ، قەیران دەسپێرێت بە قەیران و دەوامی فەرمانبەر کەمدەکاتەوە.
کۆرۆنا لە هەولێر و سلێمانی وەک یەک بڵاوبۆتەوە کەچی بە بیانوی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەکان درێژدەکاتەوە.
لەگەڵ زیادبونی ژمارەی دانیشتوان لە بری کردنەوەی نەخۆشخانەی نوێ ، بەڵام نەخۆشخانە کۆنەکانیش دادەخات و دەیداتە کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب.
موچە نییە، ئیش و کار نییە، لەبری پەرەپێدان بە کەرتی تەندروستی دەوڵەت ، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم کەرتە دەبێتە تایبەت و خەڵکی هەژارو کەم دەرامەت مەحکومە بە نەخۆشکەوتنی بێچەرەسەر و بێ دەواو دەرمان.
ئەو فەلەتانەی کە لە خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکاندا هەیە ، بە مێژوی هەرێمی کوردستان بونی نەبوە.
ئەگەر بێنە سەر باسی کەرتی پەروەردە زۆر لە تەندروستی خراپترە، هەر ساڵە و هەر جارە بە بیانویەک خوێندنگاکان دادەخرێن و خوێندکارو قوتابی بێبەش دەکرێن لە پەروەردە و فێرکردن ،لەو لاشەوە خوێندنگا تایبەتەکانی بەرپرسانی وڵات بە ئۆنلاین و ئۆفلاین بەردەوامە و مێش میوانیان نی یە.
سەردەمی ئێمە نەک خوێندنگا دەنەدەخرا ئەگەر بەرد لە ئاسمانەوە بباریایە، تەواوکردنی مەنهەج کارێکی حەتمی بو.
ئەوە سەرباری پێدانی دەفتەر و پێنوس و تەنانەت ژەمی خواردن.
خوێندنی باڵا دەبێت هەر بڵێن ساڵ بە ساڵ سەد خۆزگە بە پار، زانکۆکانی کوردستان کە رەمزی پێشکەوتن و ئاڵنگاری بارودۆخی سەختبون، ئێستا لە هەرە زانکۆ بێ ئاستەکانی جیهانن،.
ئەوە ئەوپەڕی جەهالەتە زانکۆ و پەیمانگا بە بیانوی کۆرۆنا دابخەیت بەڵام بازار و مۆڵ و ڕێستۆرانتەکان و کۆبونەوەکانی حیزب جمەی بێت.
ئەنجام؛
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێ بە مەبەستە و بۆ لەناوبردنی میللەتە، ئاخر خۆ لەناوبردن هەر بە کیمیای و ئەنفال نابێت، ئەوەی ئەم دەسەڵاتە دەیکات کۆشندە ترە، دەسەڵاتێک خەمی تەندروستی هاوڵاتیانی نەبێت تەندروستی بکاتە ناوەندی پارە پەیداکردن، دەسەڵاتێک خەمی پەروەردەکردنی مناڵانی نەبێت و تەنها خەمی مناڵە چاوگەشەکانی خوداپێداوانی بێت، دەسەڵاتێک بیەوێت گەنجەکانی نیشتمان هەمو دەست سپی و هیچ نەزانبن و کوڕ و کچەکانی خۆشیان لە باشترین زانکۆکانی جیهانبێت، ئەمە کوێی خزمەت و دڵسۆزی یە.
دەمی هەر بەرپرسێک دەکەیتەوە ناڕازی یەو دەڵێت دەبێت چاکسازی بکرێت، کامە چاکسازی؟ کاکە لە بەر خاتری خوا چاکی مەکەن با خراپتر نەبێت،
دەتانگوت کەرتی تەندروستی چاک دەکەین، باش چاکتانکرد، سوێنتان لەسەرم نییە دە ساڵ پێش ئێستا زۆر باشتربو.
دەتانگوت پەروەردە دەکەینە پەروەردەی هاوچەرخ ، وابزانم لێتان تێکچو کردتانە پەروەردەی دو چەرخ ئا وەک ئەسپ و عەرەبانە.
خۆێندنی باڵا کرایە خواردنی باڵا چونکە تەنها شتە گەورەکان لێی دەخۆن.
بە کورت و پوخت ئەو ئەقڵیەتەی کە چەندین ساڵە لە کوردستان حاکمە ، دەیەوێت هاوڵاتی دابەش بکات بۆ دو چین،
چینێک کە نەخۆش کەوت کەفتەکاربێت و توانای چارەسەری نەبێت، مناڵەکانی نە پەروەردەی باش نە فێرکردنی باشیان نەبێت، خۆ ئەگەر هەر بەردەوامبون لە پاشدا لە زانکۆیەک بخوێنن کە هیچ فێرنەبێت ، بۆ ئەوەی بە ناچاری ببنە بەردەست لە کۆمپانیاکانی مناڵەکانیان کە لە زانکۆ باشەکانی خوێندویانە.
چینی دوەم ئەوانەبن کە های لایف دەژین ، سیستەمی تەندروستی تایبەت، خوێندنگای تایبەت، زانکۆی تایبەت.
ئامانج لەم پیلانە هێشتنەوەی حوکمی ئەم دەساڵاتەی ئێستایەبۆ ماوەیەکی دورو درێژ ،وەک نوام چۆمسکی ئاماژەی پێدەدات یەکێک لە ستراتیژەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر و کۆمەڵگا ئەوەیە دابەشی بکات بۆ دوو چینی هەژار و دەوڵەمەند، تا چینی ناوەندی کۆمەڵگا لەناوبچێت، چونکە داینەمۆی بەرھەڵستکاری و گۆڕانکاری ئەم چینەیە، نە هەژار دەتوانێت پێشڕەوایەتی بەرھەڵستکاری بکات بەھۆی دواکەوتوی لە خوێندن ،پەروەردە ، تەندروستی وە ،نە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار دەیەوێت دۆخەکە لە خۆی تێکبدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group