شار وەك براندێك

ئارام لوقمان

22/06/2020

لە پەراوێزی لۆگۆی سلێمانی وەك شاری ئەدەبیی یونسكۆ
- ئایا شار تەنها چەند جادەو بازاڕ و پارك و بینایەكە یاخود پێكهاتەیەكە لە ڕەنگ، رۆحیەت، بیركردنەوەی مرۆڤەكانی شار، ستایلی شارەكە، مێژووی شارەكە؟
- شار جگە لەوەی شوێنیك بێت بۆ نیشتەجێبوون چۆن ئەبێتە خاوەن ناسنامە و شوناس؟
- چین ئەو هۆكارانەی ناسنامەی شارێك وا لێ دەكات وەك براندێك دەربكەوێت؟
- ئایا شارەكانی ئێمە شوناسیان ڕوونە و دەتوانرێ وەك لەوحەیەكی هونەری ئیلهامیان لێ وەربگێرێت یاخود ئامرازەكانی براندبوونیان هەیە؟
بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان شار و براند پێكەوە ببەستینەوە، ئەبێت خەسڵەتەكانی ئەو شارە شیبكەینەوە، لە خوارەوە باسێكی كورت لەسەر شار ئەكەین.
شار چییە؟
چەند پێوەرێكی باو هەیە بۆ پێناسە و ناساندنی شار، وەك: پێوەری ژمارەی دانیشتوان، پێوەری كۆمەڵناسی شار، پێوەری ئابوورییانەی شار، یاخود پێوەری فەلسەفەیی بۆ شار، پێوەری ڕۆشنیری و دواجاریش پێوەری شارسازییانەی شار.
ئێمە ئیشمان بە سێ پێوەریانە بۆ ئەوەی بیبەستینەوە بە بابەتەكەمانەوە:
یەكەم: پێوەری كۆمەڵناسی
تێگەیشتن لەلایەنی كۆمەڵناسییانەی شار بێ تێگەیشتن لە مرۆڤەكانی ناو شارەكە، تێگەیشتنێكی ناڕوونە. مرۆڤ وەك چۆن كائینێكی زیندووەو خاوەن كۆمەڵیك خەسڵەت و بیركردنەوەو ڕەفتارە، شاریش بە هەمان شێوە لە خەسڵەتەكانی مرۆڤەكانی شار پێكدێت، دواجاریش ئەو خەسڵەت و بیركردنەوانەی شارنشینانە كە كلتورێك بۆ شارەكە دادەڕێژن، كەواتە شار ئاوێنەی كلتوور و خەسڵەتەكانی شارنشینانەكانێتی.
دووەم: پێوەری فەلسەفی
لە یۆنانی كۆندا پێوەر بۆ شار رۆشنبیری و فەلسەفە بوو. بە پلەبەندییەكی مێژوویی و فەلسەفیی و كۆمەڵایەتی شار لە یۆنان درووستبووە، لە یۆنانی كۆندا شار خۆی بوونی هەیە و خۆی فۆرمی شاری دروستكردووە بۆ پاراستنی فەزا سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتییەكەی. كەواتە پێشتر شار و شارنشینەكانی چ فۆرمێكی رۆشنبیری و فەلسەفی هەبووە، هەر ئەوەش بووەتە ناسنامەی گشتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی شارەكە.
لە دونیای مۆدێرندا، شار پێناسەیەكی چڕ و هەمەلایەن و لێكئاڵاوی هەیە، شاری مۆدێرن شارێكە تژییە لە بەریەكەوتن و ململانێی نێوان چین و گروپ و بیركردنەوەی جیاوازەكانی شارەكە و هەر ئەم ململانێیە فۆرمی شار پێكدەهێنێت، كەواتە فۆرمی شاری مۆدێرن چڕ و لێكئاڵاوەو شوناس و ناسنامەیەكی گشتگیری هەیە.
سێهەم: پێوەری ڕۆشنبیری
شار كەرەستەیەكی بیناسازی نییە تاوەكو هاوردە بكرێ و شاری لێ دروستبكرێ، بەڵكو لەگەشەی مەعریفی و ڕۆشنبیری تاكەكانییەوە فۆرمی شارەكە دادەڕێژێ. واتە بیركردنەوە و دونیابینی و فەرهەنگی و كلتووری شارنشینەكانێتی فۆرمی گشتی شار دروست دەكات لەڕووی هونەری و كلتوری و بیناسازی و مۆزیك و ڕەنگ و شكڵیەتی شارەكەوە.
شار وەك براندێك
ئەبێت شار خەسڵەت و فۆرمەكانی ئەوەندە ڕوون و ئاسان و زیندوو بێت خۆی بۆ خۆی توخم وبنەچەی براند دروست بكات. ئەبێ شار وێنە و شوناشێكی هەبێت كە لە چاو شارانەكانی دیكە جیاواز بێت و خاوەن ڕەنگ و ڕۆحییەتی خۆی بێت.
شوناسی سلێمانی
سلێمانی وەك شار خاوەن شوناس و فۆرمێكی تایبەتە، هەرچەندە لە چەند لایەنەوە فۆڕمی ئەم شارە كەموكورتی هەیە و هێشتاش بنەچەكانی دروستكردنی فۆڕمی گشتی شار لە ڕوانگەكانی (ڕەنگ، شێوە، شكڵ، ڕۆحییەت) نا یەكانگیرە. دوای ڕاپەڕینیش شوناس و فۆرمی مێژوویی ئەم شارە بەتەواوەتی تێكدراو شكڵی گشتی شار شێوێندرا. سلێمانی دوای ڕاپەڕین وەك شارێك دروست نەبووە كە فۆرمە كۆنەكەی خۆی پێشبخات و سوود لە شكڵییەتی مێژوویی خۆی (تەلارسازیی، شارسازیی، فەرهەنگیی) هاوتەریب لەگەڵ گەشەی گشتی كایەكانی دیكەوە خۆی پێشبخات. ئەم شارە نە توانرا سوود لە بنچینە و ئیلمیێنتە مێژووییەكان بگێرێت و نە توانراش ئیلمێنتێكی نوێی بۆ دروستبكرێ. ئێستا سلێمانی هیچ نییە جگە لە كۆمەڵێك بینای شێواو و بێ ڕۆح و فەرهەنگێكی پەرت پەرتبوو.
سەیر نییە بۆ من كە ئەم لۆگەیە بۆ سلێمانی هەڵبژێردراوە، قسەم لەسەر ئاستی هونەرمەندەكە و ئەوانەش نییە كە هەڵیان بژاردوە چونكە دیارن كە نزمن. بۆ ئەوەی فۆڕمی گشتی ئەم شارە ڕوون بێتەوە پێویستە هونەرمەندان و مێژوونوسان و ڕۆشنبیران و تەلارسازان و دیزاینەرانی ئەم شارە لێكۆڵینەوەیەكی هەمە لایەنە بكەن، فۆرم و بنەچەكانی شوناسی گشتی شار لە هەموو لایەنەكانەوە ڕوونتر بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group