ئەمڕۆ و شەڕی ژنەكانی ئیبراهیم (سارا و هاجەر)

هونەر تۆفیق

25/10/2020

سەرەكیترین ناكۆكی لەنێوان ئیسلام لەلایەك و مەسیحی و جولەكە لەلاكەی ترەوە، لەسەر جێگرەوەی ئیبراهیمە وەك باوكی پێغەمبەران.
شەرعیەتی میراتگری ئیبراهیم لەنێوان پێغەمبەران محەمەد و عیسا و موسادا، ناكۆكیەكی هەزاران ساڵەی بۆماوەیی ژنەكانی ئیبراهیم، سارا و هاجەرە.
كوڕەكانی ئیبراهیم، ئیسماعیل لە هاجەر و ئیسحاق لە سارا، دەبنە باپیرەی پێغەمبەری سێ ئایینە ناكۆكەكەی پاش خۆیان.
لەپاش چاوەڕوانیی دەیان ساڵەی ئیبراهیم بۆ منداڵبوونی سارا، ئیبراهیم لە هاجەری جاریە، ئیسماعیلی كوڕە گەورەی لەدایك دەبێت. سارا لە ئیرەییدا ناچاریان دەكات دوور لە نشینگەی خۆیان بژین. ئیسماعیل و هاجەر لە مەنفاكەیانەوە دەبنە دامەزرێنەری مەككە و بابەگەورەی محەمەد پێغەمبەر.
لەپاش جێهێشتنی هاجەر و ئیسماعیل لە بیابانەكەدا، ئیبراهیم دەگەڕێتەوە لای سارا و خواوەند بۆئەوەی پاداشتی پەژارەییان بكاتەوە، لە تەمەنی پیریدا توانایان پێدەخشێت تا ئیسحاق لەدایك بێت. نەوەكانی ئیسحاق، یەعقوبی باپیرەی موسای دامەزرێنەری ئایینی جولەكە و دواتر داوودی نەجاڕ لەزوڕییەتی یەعقوب دەكاتە باوكی عەمرانی نەجاڕ. عەمران مریەمی دایكی عیسای لێدەبێت.
لەنێوان ئەم دوو كوڕەی ئیبراهیمی باوكی پێغەمبەراندا، ناكۆكی لەسەر ئەوەی كامیان میراتگری شەرعیی پێغەمبەربون، بەردەوامە. 
لەدیدی ئیسلامەوە ئیسماعیل میراتگرە چونكە كوڕەگەورە شوێنی باوك دەگرێتەوە و محەمەد پێغەمبەریش نەوەی ئیسماعیلە. بەڵام لەلای مەسیحی و جولەكەكان ئیسحاق بە شوێنگرەوە دەزانن، چونكە پێیان وایە منداڵی جاریە نابێتە میراتگر و كوڕی ژنە فەرمیەكە (سارا)، كە ئیسحاقە، جێگرەوەی شەرعیی ئیبراهیمە.
ئەم خیلافەی، كە لەنێوان سارا و هاجەردا لەسەر ئیسماعیل و ئیسحاق دروستبووە، تائەمڕۆ بەردەوامە لەسەر شەرعیبوون و نەبوونی پیغەمبەراتیی نەوەكانی ئیبراهیم لەنێوان ئیسلام و مەسیحی و جووەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group