بایدن و ئەردۆگان

سەردار عەزیز

09/06/2021

 

هەفتەی داهاتوو، لە سەفەرێکی یەک هەفتەییدا جۆ بایدن دێت بۆ ئەوروپا. لە بەریتانیا و بەلجیکا و سویسرا دیداری جیاوازی دەبێت. بینینی شاژنی بەریتانی بایەخێکی ئەوتۆی بۆ ئێمە نیە، بەڵام دیداری بایدن لە گەڵ ئەردۆگان لە پەراوێزی دیدارەکانی ناتۆ و دیداری لە گەڵ پوتین لە جنێف، کاریگەری لە سەر دۆخی ئێمە دەبێت لە زیاتر لە پارچەیەکی کوردستان.
چاودێران ڕای جیاوازیان هەیە. لێکۆڵەری گەورەی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا واڵتەر ڕەسڵ مید، کە لە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ ستونێکی هەیە، لەمبارەوە دەنوسێت کە بایدن نابێت هەوڵی ئەوە بدات کە پەیوەندی جارانی ئەمریکا و تورکیا زیندو بکاتەوە. پەیوەندی جاران مەبەستی پەیوەندی سەردەمی جەنگی ساردە. بە دیدی ئەو تورکیا گۆڕاوە و دەبێت ئەمریکا بە دوای داڕشتنی پەیوەندییەکی نوێدا بگەڕێت، کە تیایدا تورکیا نەک هەر دۆست نیە، بەڵکو زۆر جار دەکرێت ڕکەبەر بێت.
مێرڤی تاهیرئۆغلۆ و ئێریک ئیلدمان لە فۆرن پۆلەسی دەنوسن، ئەوە ئەمریکایە کە لایەنی بەهێزە لە دیدارەکەدا. ئەردۆگان لە هەردوو ئاستی ئابوری و سیاسیدا لە قەیرانی قوڵدایە. بۆیە دەبێت بایدن ئەم قەیرانە بە فیڕۆ نەدات بۆ پشتیوانی دیموکراسی لە تورکیا.
دوێنێ لە میانەی کۆدیدارێکدا، لە ڕێگای زومەوە لە هێنری بارکیم پرسی دەربارەی دیدارەکە. بارکی شارەزای تورکیا و نزیک لە ناوەندی دەسەڵاتە لە واشنتۆن، لە سەردەمی کلینتۆندا ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بوو بۆ پرسی ناوچەکە، بەلای ئەوەوە دیدارەکە هێندە گۆڕانکاری دروست ناکات چونکە جیاوازییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر گەورەیە هەتا دیدارێک بتوانێت چارەسەری بکات. بۆیە بایدن ئەوەی دەیەوێت پێی دەڵێت و دیدارەکە کۆتایی دێت.
هەندێک ئارگومێنتی ئەوە دەهێننەوە کە نابێت تورکیا زیاتر بەرە و ڕوسیا پاڵ بنرێت. ئەم دیدانە هەمیشە کەمێک ساویلکەن. وەک بەردەوام لە دۆخی عێراقدا باسدەکرێت، کە نابێت عێراق لە ئەوە زیاتر بەرەو ئێران پاڵبنرێت. کەس ناتوانێت لە ئەوە زیاتر عێراق پاڵبنێت، ئێران تا بن لە عێراقدایە. لە دۆخی تورکیادا، تورک نایانەوێت و ناتوانن بە تەواوی بچنە باوەشی ڕوسەکان، چونکە ڕوس نە بە هێزن و نە دۆستن بۆ تورکیا.
پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا ئەگەر ترەمپ بوایە ئەوا دەبوو زۆر بترساینایە. چونکە هەردوو کەسایەتی زۆر لە یەکەوە نزیکبوون لە دژایەتی سیستەمی دونیا و ڕەگەزپەرستی و فاشیزمیاندا. هەروەها بایەخدان بە پەیوەندی کەسایەتی لە بڕی پەیوەندی بونیادی و مۆڕاڵی.
بەختی کورد وەهایە، ئەگەر پەیوەندی ئەمریکا و تورک زۆرباش بێت بۆ کورد خراپە، ئەگەر زۆر خراپیش بێت کە ئەمریکا سەنگێکی ئەوتۆی نەمێنت، دیسانەوە خراپە.
دیارە پرسی ئێمە پرسی سەرەکی نیە، بۆیە هەموو شتێک دەبێت لە کۆنتێکستدا ببینرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group