دادگای گەل و گۆڕستانی خائینان!

ئەبوبەکر هەڵەدنی

13/06/2018

ڕۆژێك دێت حوكمڕانە شكستخواردوەكانی كوردستان و خراپ بەكارهێنەرانی دەسەڵات لەلایەن گەلەوە دادگایی بەهەق دەكرێن، ئەوانەی نزیكەی سێ دەیەیە لە بەرگی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری درۆزنانەوە خۆیان حەشارداوە، ئەوانەی چاو ئەبڵەق و مووی لاشە سپی دەبێت كە ڕۆژانە گوێبیستی جینایەتەكانیان دەبین، ئەوانەی هۆكاری ئەوەڵ و ئاخیری هەموو نەهامەتیەكانن، ئەوانەی داهێنان دەكەن لەخراپەكاری و پیسخۆری، ئەوانەی ڕووی دیكتاتۆر و تاكڕەوەكانی مێژوویان سپی كردەوە، ئەوانەی تۆزقاڵێك ڕەوشت و ویژدانیان بەكارنەهێنا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا.
كە گەل دادگاییان دەكات هەندێك لەو چەپەڵانە مردون، نابێ ڕەحمەتیان بۆ بنێرین، دەبێت لەناو گۆڕدا وەك میرابۆی وتاربێژی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا دەربهێنرێنەوە ناوی پێشویان لێبسەنرێتەوە و هەقیقەتیان دەربخرێن و بەخائین بناسێنرێن، بكرێنە عیبرەتی مێژوو، گۆڕستانێكی تایبەتیان بۆ دروست بكرێت ناوبنرێت (گۆڕستانی خائینان و حوكمڕانە بەدەكانی كوردستان) بۆئەوەی لەداهاتوودا وانەیەكی كردەیی فێری نەوەكانمان بكەین كە ئەوە سەرەنجام و چارەنوسی خیانەتكارانە.
كەس لەدادگای گەل و مێژوو قوتاری نەبوە و نابێت، ئا لێرەوە كۆتایی بەكاولكاری و خراپەكاری دێت و بۆ هەمیشە گیاكەڵەی خیانەت وشك دەكرێت و لەبەین دەبرێت، وەك گەلانی زیندووی ئێستا كە ئەزمونی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابوریان گەیشتۆتە چڵەپۆپەی كامەرانی، دەست بەژیانێكی نوێ دەكەینەوە كە سودمان لەڕابردو وەرگرتوە و شكۆی مرۆڤ و یاسا سەروەری و خۆشگوزەرانی و گەشەكردنی زانست و عەقڵ دەبێتە سیمای سەردەمێكی تەواو نوێ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group