تۆپی پێ و سیستەمە فاشیست و دیکتاتۆرەکان

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

30/07/2018

هەر لەمنداڵییەوە سۆزێکی گەورەم بۆ تۆپی پێ هەبوو، یەکێکیش بوو لەو یارییە خۆشانەی کە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە کۆڵان پێکەوە دەمانکرد، کاتێکیش هەڵبژاردەی عیراقی یاری بکردایە، تەواو هەست و نەستی داگیر دەکردم و لەگەڵ هەر بردنەوەیەکدا وامدەزانی خۆم یارییەکە دەبەمەوەو لەگەڵ هەر دۆڕاندنێکیشدا ، غەم و پەژارەیەکی زۆر بەسەرمدا زاڵ دەبوو. سۆزێکی زۆریشـم بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش هەبوو، کاتێک لە مۆندیالی مەکسیکی ساڵی 1986 ئەرژەنتین لە ئەڵمانیای بردەوە، زۆر دڵتەنگی کردم و دەستم بەگریان کرد. لێ کاتێک گەورە بووم و چوومە ئەڵمانیا، هەموو کاتێک حەزم دەکرد ئەڵمانیا بیدۆرێنێت، دیارە ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەئەم هەڵبژاردەیە بووبوە سیمبۆڵێکی ناشیرینی نازییەکان. دواجاریش بۆم دەرکەوت، لەپەنا ئەو جوانیی و هەستراکێشانەی کە تۆپی پێ هەیە، کۆمەڵێک ئامانجی ناشیرین و قێزەون خۆیان شاردۆتەوە، مێژووی ئەم یارییەش وەکو هەموو شتێکی تری ئەم جیهانە، پڕیەتی لە ناشیرینی و دزێویی. 
دیارە تۆپی پێ یەکێکە لە وەرزشە جوان و پڕ بایەخەکانی جیهان، هیچ جۆرێکی وەرزش هێندەی تۆپی پێ ناتوانێت خەڵکی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوەو هەست و نەستی مرۆڤ بجووڵێنێت. هەرئەمەش وایکردووە کە زۆر زوو سیستەمە فاشیست و دیکاتۆرەکانی جیهان، گرنگی گەورەی پێبددەن. گۆبلز وەزیری پروپاگەندەی هیتلەر، پێی وابوو، بردنەوەی یارییەک زۆر گرنگرترە لە دەستدانی شارێک. هەندێک مێژوونوسیش پێیان وایە ئەم یارییە زۆرجار وەکو ئامڕازێکی گرنگی دەستی فاشیستەکان بەکارهاتووە. کاتێکیش سەیری مێژووی تۆپی پێ و سیستەمە فاشیستەکان دەکەیت، ئەم راستیەت بۆ دەردەکەوێت و زۆرجاریش حکایەتی سەیروسەمەرەش روویانداوە، بە تایبەتی لە سەردەمانی حکومی مۆسۆلینی و هیتلەر و سەدام حوسێن . 
لێرەدا هەوڵ دەدەین کورتەیەک لەو پەیوەندییە سەیر وسەمەرەیە بخەینە روو، لەهەمانکاتیشدا خاڵی هاوبەشی نێوان تۆپی پێ و رژێمە فاشیستەکان باس بکەین و هۆکاری ئەوەش دەربخەین ، بۆچی هێندە ئەو رژێمانە گرنگی بەم یارییە دەدەن.
پەیوەندی نزیکی تۆپی پێ و فاشیزم
تۆپی پێ یەکێکە لەو یاریانەی کە مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە، هەندێک سەرچاوەی مێژوویی باس لەوە دەکەن ، سەرەتا ئەم یارییە لە چینەوە هاتووە، هەندێکیش پێیان وایە نەخێر لە بەریتانیاوە هاتووە. بەهەرحاڵ ، وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێدا، هیچ یارییەک هێندەی تۆپی پێ ناتوانێت هەست و نەستەکانی مرۆڤ بجووڵێنێت، لەهەمانکاتیشدا لەرووی کۆکردنەوەی زۆرترین هەودارایش ، لەبەرئەوە دەبینین کە ساڵ لەدوای ساڵ رووبەری یاریگاکانی جیهان گەورەتر دەبن تاوەکو زۆرترین ژمارەی خەڵكی بگرن. مێژوونوسی ئەڵمانیا " ئێرنست نۆهلە" لەمبارەیەوە دەڵێت: بوونی کاتێکی زۆر و تۆپی پێ کە خەڵکانێکی زۆر لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە، یەکێک بوو لەسەرهەڵدانی بیری فاشیزم . 
لەلایەکی ترەوە لە رووی تیۆرییەوە تۆپی پێ باوەڕی بە بردنەوە و دۆڕاندن و سەرکەوتن و ژێرکەوتن هەیە، ئەمەش فاشیستەکان لە دژایەتیکردنی گەلانی تر دەتوانن بەکاریبهێنن. 
زۆرێک لە مێژوونوسانی جیهانیش پێیان وایە، جیاکردنەوەی تۆپی پێ لە سیستەمە شمولییەکان، کارێکی ئەستەمە، چونکە هەمیشە ئەو رژێمە شمولی ودیکتاتۆریانە ، ویستوویانە سوود لەو یارییە جوانە وەربگرن و بۆ مەرامی نەگریسی خۆیان بەکاریبهێنن.
مۆسۆلینی و تۆپی پێ
لەچاو وڵاتانی تری ئەوروپادا، تۆپی پێ کەمێک درەنگتر برەوی لە ئیتالیا پەیداکرد، بەڵام کاتێک مۆسۆلینی هەستیکرد کە دەکرێت ئەم یارییە وەکو ئامڕازێک بۆ پتەوکردنی رژێمەکەی بەکاریبهێنرێت ، زۆر بە باشی سودی لێوەرگرت. لەساڵی 1926 بۆیەکەمجار خوولیی یانەکانی ئیتالیا دامەزراند، پاشان گرنگی زیاتری بە دروستکردنی یاریگا و داو هەفتانە نزیکەی 200 هەزار کەس سەیری یاریان دەکرد. 
مۆندیالی 1934
لەساڵی 1934 مۆندیالی تۆپی پێ لە ئیتالیا سازکرا، ئەوەش پاشئەوەی مۆسۆلینی هەڕەشەی لە سوید کرد، دەبێت بکشێتەوە لە میوانداریی کردنی ئەو مۆندیالە، ناچاریش سوید کشایەوە. جێگەی ئاماژەیە سیاسەتی سوید چ بەرامبەر بە رژێمی فاشیست لە ئیتالیا و چ نازییەت لە ئەڵمانیا، زۆر ترسنۆکانە و ئابڕوبەرانە بووە. پاشئەوەی مۆندیالەکە بەر ئیتالیا کەوت، مۆسۆلینیش زۆر بەباشی توانی سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت، نزیکەی 600 هەزار پۆستکاری خۆی لەتەواوی وڵاتدا بڵاوکردەوە، بۆئەوەی میوانە بیانییەکان وێنەی ئەم دیکتاتۆرە ببینین، جگە لەوەش خۆی دەچوو لە سەرەی کڕینی بلیتدا دەوەستا و رۆژنامەکانیش وێنەیان بڵاودەکردەوە، بۆئەوەی بە خەڵكی بڵێت کە پیاوێکی خاکیی و سادەیە. بەوەش نەوەستا بگرە بۆیەکەمجار یارییەکان لە رێگەی ئیزگەی رادیۆوە بە شێوەی زیندوو پەخش دەکران، چونکە لەوکاتەدا تەلەڤزیۆن نەبوو، هەروەها خەڵکێکی زۆریش پارەی نەبوو بچێت سەیری یارییەکان لە یاریگاکاندا بکات. ئەمەش سەرەتای پەخشی زیندووی یارییەکان بوو لە جیهاندا. 
یان سەرکەوتن یان مردن
بە 12 رۆژ پێش مۆندیالی 1934 کە لە رۆما ساز کرا، مۆسۆلینی هەڵبژاردەکەی کۆکردەوە دەعوەتێکی شاهانەی کردن، بەڵام دواتر هەڕەشەی لێکردن و پێی وتن: هەر دەبێت جامی ئەم مۆندیالە بەرنەوە. ئێوە وەکو سەربازێکن لە مەیدانی جەنگدا، یان دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێن یان مەرگ. بەمشێوەیەش ترس باڵی بەسەر یاریزانەکاندا کێشا.
پاشتریش هەڕەشەکانی توندتر کردەوە، کاتێک بە "فيتوريو بوتزو" راهێنەری هەڵبژاردەکەی ووت: تۆ بەرپرسی لە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکە، گەر شکستان هێنا، ئەوا مەر خودا رەحمت پێ بکات. ئیتر بەتەواوەتی راهێنەرەکە تێگەیشت و زانی گەر یارییەکە بدۆڕێنن ئەوا رووبەری مەرگ دەبێتەوە. مۆسۆلینی بەوەش نەوەستا دەستیکرد بە هەرەشەکردن و بەرتیل دان بە حەکەمی یارییەکان، تاوەکو یارمەتی ئیتالیا بددەن بۆئەوەی ببێتە یەکەمی جیهان .
رەشپۆشی
هەتا دەهات مۆسۆلینی گرنگی زیاتری بە تۆپی پێ دەدا، لە مۆندیالی 1938 دا کە لە فەرەنسا رێکخرا، مۆسۆلینی بەزۆر فانیلە شینەکانی هەڵبژاردەی ئیتالیای گۆڕی و کردیە فانیلەی رەش کە سیمبۆڵی فاشیستەکانی ئیتالیا بوو. ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی ئەو ئیتالیایانەی کە لە دەستی رژێمەکەی مۆسۆلینی رایانکردبوو بۆ فەرەنسا و لە زۆربەی شارەکانی فەرەنسا، ئیتالییەکان کە ژمارەیان لەوکاتەدا نزیکەی 10 هەزار دەبوو، دەچوونە بەردەم یاریگاکان لە دژی هەڵبژاردەکەی مۆسۆلینی خۆپیشاندانیان دەکرد. 
لە لایەکی ترەوە مۆسۆلینی هەرچەندە هەڵبژاردەی ئیتالیا زۆر بەهێزبوو، بەڵام هەڕەشەو گوڕەشەی زۆری لە دژی حەکەمەکانی بەکارهێنا، هەروەها پارەیەکی زۆریش بەخشییەوە تاوەکو ئیتالیا ببێتە یەکەم و جامەکە بەرێت.
تۆپی پێ و نازییەت
هیتلەر کە خۆی بە خوێندکارێکی بە ئەمەکی مۆسۆلینی دادەنا، ئەویش بەهەمان شێوە گرنگی زۆری بە تۆپی پێ دەدا، بە تایبەتی پاشئەوەی گۆبلز وەزیری پروپاگەندەکەی ئامۆژگاری هیتلەری کرد کە گرنگی زیاتری پێ بدات. گۆبلز پێی وابوو بردنەوەی یارییەک زۆر لە لەدەستدانی شارێک گرنگترە. لەمبارەیەوەش نازیەتیش کۆمەڵێک حکایەتی سەیروسەمەرەی لەگەڵ ئەم یارییە جوانە هەیە.
هەڵبژاردەی نەمسا و هیتلەر
یەکێکە لەو چیرۆکە سەرنجراکێشانەی نازییەکان، پەیوەندی بە تێکەڵاوکردنی هەردوو هەڵبژاردەی نەمسا و ئەڵمانیاوە هەیە. لە ساڵی 1938 پاشئەوەی هیتلەر نەمسای داگیرکرد، نازییەکان فشاری زۆریان خستە سەر هەڵبژاردەی نەمسا کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ببنەوەیەک هەڵبژاردە و پێکەوە بەشداری مۆندیالی فەرەنسا بکەن، لەوکاتەدا نەمسا هەڵبژاردەێکی زۆر بەهێزی هەبوو، کە بە یەکێک لە هەڵبژاردەە باشەکانی ئەوروپا و جیهان دادەنرا. هەشت یاریزانی بەهێزی هەڵبژاردەی نەمسا بەزۆر خرانە ناو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆئەوەی مۆندیالی 1938 لە فەرەنسا ببەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، ئەوەش بەهۆی نارەزایی بوونی یاریزانە نەمساوییەکان ، کە لەژێر حوکمی نازییەکاندا ، یاریی بکەن.
کابتنی هەڵبژاردەی نەمسا "ماتیاس شیندلار" کە هەوادارانی بە " شیند، یان مۆزارتی هەڵبژاردەی نەمسا " بانگیان دەکرد. یەکێک بوو لە یاریزانە بەهێزەکانی ئەم هەڵبژاردەیە ، بەڵام دژی نازییەکان بوو رازی نەبوو بچێتە ناو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا. لەیاری کۆتاییدا کە بە بۆنەی تێکەڵاوکردنی هەردوو هەڵبژاردە ئەنجامدرا ، رژێمی نازی فشاری خستە سەر یاریزانەکان کە دەبێت بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بیدۆرێنن، بەڵام ماتیاس رازی نەبوو، ئەوەبوو سەرەتای یارییەکە بە هیچ شێوەیەک سڵاوی نازییەکانی نەکرد، پاشانیش توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات و بچێتە نزیک ئەو شوێنەی کە نازیییەکانی لێ دانیشتوون و دەستیکرد بەسەماکردن. ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی و تووڕەبونی نازییەکان. 
یەکەم تیرۆری وەرزشی
نازییەکان زۆر لە ماتیاس تووڕەبوون ئەوەبوو پاشان لە شوقەکەی خۆی بەگاز خۆیی و ژنەکەیان تیرۆرز کرد. بەڵام خەڵكی هێندە ئەم یاریزانەیان خۆشدەویست ، هەموو ڤییەنا خەمناکی راگەیاند و نزیکەی 15 هەزار تەلەگرافی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەکەی رۆیشت ، ئەمەش وایکرد کە بۆماوەی یەک هەفتە دائیرەی پۆستەی ڤییەنا هەر خەریکی ئەو نامە زۆرانە بێت، جگە لەوەش هەرچەندە نازییەکان هەڕەشەیان لەخەلکی کرد کە بەشداری پرسەکەی نەکەن، بەڵام خەڵكی گوێیان بەهەڕەشەکانی نازییەکان نەداو نزیکەی 40 هەزار کەس بەشداربوون.
یاری مەرگ
ساڵی 1941 کاتێک ئەڵمانیا پەلاماری یەکێتی سۆڤێتی جارانی دا و شاری کیفی پایتەختی ئۆکرانیای داگیرکرد، تەواوی وەرزش لەو وڵاتە راگیرا، بەڵام لەوکاتەدا جەنەراڵێکی ئەلمانی کە حاکمی کیف بوو، زۆر حەزی بە یاریی بوو، لەپڕ بڕیاریدا کە یارییەکی دۆستانە لەنێوان سەربازە ئەڵمانەکان و تیپێێکی شارەکە سازبکرێت، بەشێکی زۆری یاریزانە ئۆکرانییەکانیش کە سەر بە یانەی " دینامۆ کیف" بوون یاریزانی باشبوون، ئەوەبوو یارییەکەیان بردەوە، هەرچەندە لە گێمی دووەمدا هەڕەشەی زۆریان لە یاریزانە ئۆکرانییەکان کرد کە خۆیان بە تیپە ئەڵمانەکە بدۆڕێنن بەڵام دەردی نەبوو، ئەڵمانەکان دۆڕاندیان. ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی و نیگەرانی ئەڵمانەکان و قسەوباسێکی زۆری لەناو سوپادا دروستکرد. 
پاشان تیپێکی تری ئەڵمانیایان هێنا، ئەوانیش شانسی سەرکەوتنیان نەبوو دۆڕان. ئەم، دۆڕاندنە زۆر کاریگەری کردە سەر جەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیا لەو شارە، ئەوەبوو لەساڵی 1942 تیپێکی بەهێزیان لە ئەڵمانیاوە هێنا، تاوەکو لەو تیپە بەرێتەوە بەڵام لەمەشدا شانسیان نەبوو. لە گێمی دووەمی یارییەکەدا گیستاپۆ" دەزگای هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی نازییەکان" هەڕەشەی مەرگ و ناردنیان بۆ سەربازگە زۆرەملێکان لە یاریزانەکان کرد، بەڵام ئەمەش هیچ کاریگەری نەبوو، لە کۆتاییدا بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ دۆڕان. ئەمەش بووە مایەی نیگەرانیی و توڕەبوونی نازییەکان لە رۆژانی داهاتوودا، 9 یاریزانانیان بۆ سەربازگە زۆرەملێکان نارد و چواریشیان گوولە باران کردن. جێگەی ئاماژەیە ئێستا لە کیف مۆنۆمێنتێک بۆ ئەو یاریزانە شەهیدانە کراوە. 
یانەی ریال مەدرید باڵوێزی فرانکۆ لە دەرەوەی ئیسپانیا 
رژێمی فرانکۆی فاشیستی ئیسپانیاش هەوڵیدا سوودێکی زۆر لە تۆپی پێ وەربگرێت، بە تایبەتی یانەی ریال مەدرید کە بە یانەی خۆی دەزانی. لەو کاتەدا رژێمی فرانکۆ لەتەواوی جیهاندا گۆشەگیربوو، بە رژێمیکی دیکتاتۆر و فاشیست و بەدناو ناودەبرا، بەڵام فرانکۆ توانی سوود لە یانەی ریال مەدرید وەربگرێت ، بەتایبەتی لە ساڵانی 1956 تا 1961 کە چوار جار جامی ئیسپانیای برد و پێنج جاریش جامی یانەکانی ئەوروپای برد، ئیتر فرانکۆ دەیویست ئەم یانەیە بکاتە باڵوێزخانەیەکی گەڕۆک بۆ رژێمەکەیی و دەموچاوی خوێناویی و ناشیرینی خۆی ، بە کراسە سپییەکانی ریال مەدرید، سپی بکاتەوە.
بیلیی و رژێمی سەربازیی بەرازیل 
لەساڵی 1964 یەکمجار سوپای بەرازیل کودەتای بەسەر حکومەتێکی مەدەنیدا کرد و کۆتایی بەژیانی سیاسی و مەدەنی لەم وڵاتە هێنا. ئەم رەوشەش بەردەوام بوو هەتاوەکو 1985 دووبارە ژیانی سیاسی و دیموکراسی گەڕایەوە بۆ بەرازیل. 
یەکێک لە سیما سەرنجراکێشەکانی حوکمی سەربازی و دیکتاتۆری لە بەرازیل، گرنگی دان بوو بە تۆپی پێ، لەو ساڵانەدا هەتا دەهات یاریگای زۆرتر لەم وڵاتەدا دەکرایەوە، بەتایبەتی پاشئەوەی ژیانی سیاسی نەما، ئیتر رژێمە دیکتاتۆرەکان گرنگی زۆرتریان بەم وەرزشە دەدا، لەمباریەشەوە بوونی کۆمەڵێک یاریزانی مەزنی وەکو " بیلی" رۆڵی باشیان هەبوو لە بەهێزکردنی هەڵبژاردەی بەرازیل. ساڵانی حوکمی سەربازی لە بەرازیل، هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێ، بووە بەشێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی رژێمەکە و گرنگی زۆری پێدەدرا.
حزبی بەعس و وەرزش 
بەهاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە عیراق، بەگشتی گرنگیان بە وەرزش داو دەیانویست بیکەنە ئەلتەرناتیفێک بۆ سیاسەت و بە تایبەتی لەناو گەنجاندا ، برەوی زۆریان بە وەرزش دا. لە حەفتاکاندا پاڵەوانێکی وەرزشیان بەناوی " عەدنان قەیسی" دروستکردبوو، کە تەواوی خەڵکی عیراقی هەواداری ئەم پاڵەوانە مەزنەی عیراق بوون کە لە یاری زۆرانبازیدا کەس نەبوو شان بدات لەشانی. لەو کاتەدا تەلەفزیۆنی عیراقی ، گرنگی بە وەرزش داو یارییەکانی عەدنان قەیسی پەخش دەکرد، خەڵکیش بە منداڵ و گەنج و پیرو ژن و پیاوەوە ، لەبەردەم تیڤییەکان دادەنیشتن و سەیری عەدنان قەیسیان دەکرد. 
ئەستێرەی عەدنان قەیسی هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکان بەردەوام بوو، بەڵام بەهاتنە سەر کاری سەدام حسێن، گرنگی زیاتر بە وەرزش درا بەتایبەتی تۆپی پێ. 
سەدام حسێن و تۆپی پێ
لەسەردەمی سەدام حسێندا تۆپی پێ گرنگی زۆری پێدرا، سەدامیش ئەم کارەی رادەستی عودەی کوڕە گەورەی کردبوو، بە تایبەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی عیراقی تۆپی پێ، گرنگی زۆری پێدەدرا. ئێمە لەو کاتەدا منداڵ بووین، هەڵبژاردەی عیراقی لە لامان، بەهێزترین هەڵبژاردەی جیهان بوو، هەموومان ناوی یاریزانەکانی ئەو تیپەمان لەبەر بوو. لە سایەی سەدام حسێن دا تەنها سێ شت بۆیان هەبوو ، کە گۆرانیبێژانی عیراقی گۆرانی بەسەردا بڵێن و ستایشی رۆڵیان بکەن، ئەوانیش بریتی بوون لە : یەکەم : سەدام حسێن. دووەم : سوپای عیراقی. سێهەم : هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق.
لەگەڵ هەر بردنەوەیەکی هەڵبژاردەی عیراق ، ئیتر تەلەڤزیۆنی عیراقی دەیکرد بە گۆرانی و شاییی و لۆغان. سەیرم لەو گۆرانی بێژانە دەهات، چۆن یەکسەر ئەو گۆرانیانەیان ئامادەکرد ، چۆن لە پڕێکدا شیعر و ئاوازیان بۆ دادەنرا؟!. زۆربەشیان بە ئاوازێکی خۆش دەووترا، کە ئێمە حەزمان لێیان بوو. 
سەرنجراکێشترین شتیش ئەوەبوو کە عودەی کوڕی سەدام پشتی بە یاسای پاداشت و سزا دەبەست، هەر کارتێک هەڵبژاردەی عیراقی بیبردایتەوە، ئەوا پاداشت و خەڵاتێکی زۆری دەکردن و رۆژنامە و ئیزگە و تەلەڤزیۆنەکان گۆرانیان بەسەردا دەووتن و دیدارو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دا دەکرن، کاتێکیش بیاندۆڕاندایە ئەوا لە تەلەڤزیۆنەوە رەخنەی توندیان لە یاریزانەکان دەگرت و عودەیش سزای قورسی دەدان، بۆ نموونە سەرو برۆی دەتاشین، ئەمەش بووە مایەی گاڵتەجاری لە ناو جیهاندا.
جەنگی تۆپی پێی سلڤادۆر و هیندۆراس
لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا بەشێکی زۆری رژێمەکانی ئەمریکای لاتین دیکتاتۆری و سەربازیی و تاڕادەیەکیش فاشیستانە بوون و لە لایەن ئەمریکاشەوە پشتگیری دەکران. گرنگی دان بە وەرزشیش ، یەکێک بوو لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتانە، بە تایبەتی تۆپی پێ ، گرنگی زۆری پێدرا و لەناو خەڵکیدا بە تایبەتی گەنجەکان برەوی زۆری پێدرا. 
3 هەزار کوژراو 6 هەزار بریندار
وڵاتانی کاریبیک زۆرجار بە " کۆماری مۆز" ناویان دەهێنن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی هەژموونی ئەمریکا لەو ناوچەیە، کە وەکو کێڵگەیەکی کشتوکاڵی بۆ کۆمپانیا بەهێزەکانی مۆزی ئەمریکا دادەنران. هەمیشە رژێمە سەربازییەکان لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران و ئۆپۆزسیۆنەکانیش زۆربەیان گیڤاریست و ماویست بوون، باوەڕیان بە شەڕی چەکداریی و بزووتنەوەی پارتیزانی هەبوو، ئەمەش وایدەکرد کە ماڵوێرانی گەورە روو لەم وڵاتانە بکات. 
لێ گاڵتەجاری ترین قۆناغی مێژووی تۆپی پێ هەردوو رژێمەی سەربازی هیندۆراس و سیلڤادۆر تۆماریان کرد. لەکاتێکدا کە هیچ کام لەم دوو وڵاتە ناوێکی گەورەیان لە مێژووی تۆپی پێدا نییە بۆ نموونە وەکو بەرازیل یان ئۆرگوای یان ئەرژەنتین نەبوون، هیچ کاتێکیش خاوەنی هەڵبژاردەیەکی بەهێز نەبوون. بەڵام لە ساڵی 1969 کاتێک کە یاری کۆتایی دەکرا لە نێوان هەردوو هەڵبژاردە بۆئەوەی بەشدرای لە مۆندیالی مەکسیکی 1970 بکەن، سیلڤادۆر لە هیندۆراسی بردەوە، ئەمەش بووە مایەی تووڕەبوونی جەماوەری هیندۆراس و پەلاماری ئەو سیلڤادۆریایانەیان دا ، کە لە هیندۆراس دەژیان. بەوەش نەوەستان پەلاماری سنوورەکانی سیلڤادۆریان داو تەواوی سووپای هەردوو وڵات کەوتنە پەلاماردانی یەکتری و فرۆکەی جەنگی و هەمو جۆرە چەکو تەقەمەنییەکی بەهێز لە دژی یەکتریان بەکارهێنا. جەنگەکە ماوەی دوو هەفتەی خایاند، لێ پاش تەداخولکردنی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئینجا شەرەکە راگیرا.
لەدەرئەنجامی ئەم شەڕەش جگە لە خاپوورکردن و سووتاندنی بەشێکی زۆری هەردوو وڵات، زیاتر لە 3 هەزار کەس کوژرا و سەرو 6 هەزار کەسیش لە هەردوولا بریندار بوون.
ئەمەش بە خوێناویترین مێژووی جەنگی تۆپی پێ لە مێژوودا دادەنرێت. هەرچەندە هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕەش زۆربوون ، بەڵام یارییەکە بووە چەخماخەیەکی باش بۆ ئەم جەنگە. 
حوسنی موبارەک و تۆپی پێ
حوسنی موبارەک یەکێک بوو لە دیکتاتۆرە پیر و گەندەڵەکانی گێتی عەرەبی، لە ساڵی 1982 لەپاش تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات ، بووە چوارەمین سەرۆکی میسر، لێ بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە ، موبارە بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەر تەختی دەسەڵات مایەوە، هەتاوەکو لەساڵی 2011 لەرێگەی راپەرینی جەماوەرییەوە کۆتایی بە حوکمی 29 ساڵەی هێنرا.
لە ساڵانی کۆتایی حوکمی موبارەک دا، پاشئەوەی پیربووبو دەیویست جەمالی کوڕی بکاتە جێگری خۆی، ئەمەش بووبوە مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی خەڵكی. موبارەکیش وەکو هەموو دیکتاتۆرەکانی تر، گرنگی گەورەی بە وەرزش دەدا بەتایبەتی تۆپی پێ. بۆ نموونە لە کاتی بردنەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسری لە هەریارییەکدا، موبارەک خەڵاتی دەکردن و پاداشتی پێدا دەبەخشینەوە، بگرە هەڵبژاردەی تۆپی پێ بوبوە ئامڕازێک بە دەستی موبارەک و کوڕەکانییەوە، دەیویست لەرێگەی ئەم یارییەوە سۆزی خەڵكی بۆ لای خۆی رابکێشێت. زۆرجار موبارەک یان کوڕەکانی دەچوونە یاریگاکان و سەیری یارییەکانیان دەکرد و لە کۆتایی یارییەکانیشدا پێشوازییان لە یاریزانەکان دەکرد و وێنەیان لەگەڵدا دەگرتن. 
جەنگی میسر و جەزائیر
هەروەک چۆن لە میسر موبارەکێکی پیرو نەخۆش و دیکتاتۆر وگەندەڵ، حوکمی وڵاتی دەکرد، لەجەزائیریش بوتەفلیقەیەکی پیر و نەخۆش و دیکتاتۆر و گەندەڵ حوکمی وڵاتی دەکرد، هەردوولا دەیانویست سوود لە تۆپی پێ بکەن ، بۆئەوەی بەلایەنی کەمەوە سەرنجی گەنجان بۆلای شتی تر رانەکێشن. 
لە کۆتایی ساڵی 2009 هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسر و جەزائیر رووبەروی یارییەکی قوورس بوونەوە، چونکە کێ بیبردایەتەوە ئەوە بەشداری مۆندیالی باشووری ئەفریقای 2010 ی دەکرد. هەردوو رژێمەکەش دەیانویست بە هەر شێوەیەک بووە هەڵبژاردەەکەیان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تاوەکو بیکەنە سەرکەوتنێکی نیشتمانی. دواجار لە خەرتوومی پایتەختی سودان، یاریی لە نێوان هەردوولا کراو لە ئەنجامدا هەڵبژاردەی میسری دۆڕا و جەزائیریش سەرکەوت، لەدوای کۆتاییی یاریەکەش کە کوڕەکانی موبارە لە ستادیۆمەکە بوون، جەنگ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی هەردوو هەڵبژاردە روویدا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە شەڕێکی ئیعلامی زۆر گەورە لە نێوان هەردوو وڵات رووبدات و تاڕادەیەکی زۆریش پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات تێکچوو. 
هەرچەندە ئەمەش دەردی موبارەکی نەخوارد ، چونکە کێشەکانی میسر چ لە رووی ئابووری و سیاسیی کۆمەڵایەتییەوە هێندە زۆر بوون، کە بە شرینقەیەکی مۆندیال نەیدەتوانی ئەو کێشە زۆرانە، لە بیری خەڵكی بەرێتەوە بەتایبەتی گەنجەکان، هەرئەمەش وایکرد پاش ساڵێکی تر، کۆتایی بە حوکمی موبارەک بهێنرێت.
ئەردۆغان و تۆپی پێ
لەماوەی پێشوودا وێنەی ئەردۆغان لەگەڵ دوو یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەڵمانیا ، بووە مایەی ناڕەزایی میدیا ئەڵمانیا و تەنانەت سیاسییەکانیش هاتنە سەر خەت و ناڕەزاییان بەرامبەر چوونی ئەو دوو یاریزانە ئەڵمانە و وێنەگرتن لەگەڵ ئەردۆغان دەربڕیی. 
لە ئێستادا ئەردۆغان لە تەواوی ئەوروپا وەکو کەسێکی دیکتاتۆر و شەڕەنگێز سەیر دەکرێت، وەکو یەکەمجار نییە ئیماجی بەتەواوەتی لە لای ئەورپییەکان ناشیرین بووە. دیارە ئەردۆغان و پارتەکەی هەر لەسەرەتای دەسەڵات گرتنە دەستیانەوە، بەوپەڕی هێزو توانایان هەوڵیان دەدا، گرنگی بە وەرزش بددەن بە تایبەتی تۆپی پێ، چونکە دەیانزانی کە لە رێگەی ئەم یارییەوە دەتوانن سۆزی خەڵكی بۆ لای خۆیان رابکێشن بە تایبەتی گەنجەکان. ئەردۆغان چەندین جار دەچووە یاریگاکان و زۆرجار جلوبەرگی وەرزشی لەبەر دەکرد و بەشداری یارییەکانی دەکرد، هەموو ئەمەش کارێکی نمایشکاریی بەولاوە هیچی تر نەبوو. 
لە کاتێکدا ئەردۆغان لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بۆتە یەکێک لە رژێمە قێزەونەکانی جیهان، لە ناوخۆی وڵات پەلاماری نەیارانی دەدات و دەنگی ئۆپۆزسیۆن کپ دەکات و ، سیاسەتی قڕکردن و شەڕەنگێزی لە دژی گەلی کورد لە باکووری کوردستان و پارجەکانی تر پێڕەو دەکات و بە ئاشكرا دژایەتی هەموو بوونێکی کوردی دەکات، بەوەشەوە نەوەساتەوە، پەلاماری کوردی سوریا و عیراقیش دەدات. جگە لەوەش رۆڵێکی تەواو نەگریسی لە بەهاری عەرەبی گێڕاو پشتگیری گرووپە تیرۆریستەیکانی ناوچەکە دەکات و هەوڵی ئاژاوەنانەوەو پشێویی دەدات بۆ دراوسێکانی هەرئەمەش وایکردووە کە تورکیا بۆتە بەڵایەکەی گەورە بۆ گەلانی ناوچەکە بەتایبەتی لە کێشەی سوریادا، رۆڵی زۆر نەگریسی گێڕاوە. 
کەچی ئەردۆغانیش هەروەک چۆن فرانکۆ دەیویست لە رێگەی فانیلە سپییەکانی یانەی ریال مەدریدەوە ، رووی خوێناوی خۆی پاکبکاتەوە، هەرچەندە سەرکەوتووش نەبوو، ئێستاش ئەردۆغانیش دەیەوێت هەمان کار بکاتەوەو دەیەوێت سوود لەم یارییە جوان و سەرنجڕاکێشەی جیهان وەربگرێت، بۆ ئەوەی سیمای ناشیرینی خۆیی و حکومەتەکەی جوان بکات. 
دەرئەنجام 
هەروەکو لەپێشیشدا ئاماژەم پێدا یاری تۆپی پێ یەکێکە لە یارییە جوان پڕ ماناکانی جیهان، لێ بەداخەوە زۆرجار هەوڵدراوە ئەم یارییە جوانە، بکرێتە ئامڕازێک بەدەست رژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکان. هەروەها زۆرجاریش گرووپە فاشیستە رەگەزپەرستەکانی ئەوروپاش، دەبنە هەوادارای یانە وەرزشییەکان لە رێگەی تۆپی پێوە، دەیانەوێت سۆزی گەنجان بۆ لای خۆیان رابکێشن، بگرە زۆرجار یاریگاکان بۆ مەرامی بۆگەنی سیاستەی خۆیان بەکاردەهێنن و لێرەوە دەیانەوێت سۆزی گەنجان بۆ لای خۆیان رابکێشن و ئەندام و لایەنگرانیان زۆر بکەن، بەداخەوە تاڕادەیەکی زۆریش لەم سیاسەتەیاندا سەرکەوتوو بون.
خاڵێکی نێگەتیفی تری ئەم یارییەش ئەوەیە لە ئێستادا ئەم یارییە بۆتە مەکینەیەکی گەورەی پارە پەیداکردن بۆ زۆر کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانی جیهان، ئەمەش لە رەونەقی ئەم یارییە جوانەی کەم کردۆتەوە. 
لەکۆتایشدا دەتوانم بڵێم، یاری تۆپی پێ وەکو هەموو داهێنانێکی تری مرۆڤایەتی دەکرێت سوود بە مرۆڤایەتی بگەینێت و ببێتە هۆی ئارام بەخشیی و ئاسودەگی و بەختەوەری بۆ هاوڵاتییان، بەڵام لە هەمانکاتیشدا دەکرێت هەر ئەم یارییە جوانە بۆ مەرانی زۆر ناشیرین بەکاربهێنرێت، یان دەکرێت ئەم یارییە لەجیاتی پتەوەکردنی رۆحی ئاشتی و برایەتی ناو مرۆڤەکان ، ببێتە هۆیەک بۆ پەلاماردان و ئازاردانی مرۆڤەکان و رژێم و گرووپە فاشیستتەکان بۆ مەرامی نەگریسی خۆیانی بەکاربهێنن. بۆیە زۆر گرنگە بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییەدا بکرێت.
سەرچاوە:
ئەردەڵان عەبدوڵڵا . فاشیزم لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا. چاپی یەکەم. دەزگای ئاراس. هەولێر. 2010
احمد فتحي . الديكتاتورية و كأس العالم. www.alaraby.co.uk
قصة إجبار ألمانيا اللاعبين النمساوين للعب باسمها. www.qssas.com
Ernst nohlte . Die Faschistische Bewegungen Muenchen. 1968. S7
Steinmeier über Erdogan-Foto von Özil und Gündogan"Bisschen ratlos gemacht. www.spiegel.de

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group