هەڵەی ستراتیژیی كورد لەئێستادا

عادل باخەوان

16/08/2018

من وشیارم بەوەی لە ئێستا و ئێرەدا ماڵی سیاسی كوردی وەك لاپەڕەیەك دڕاوە و سەدان ناكۆكی لەنێوان گروپە سیاسیەكاندا هەیە، بەڵام سەرەڕای هەموو لێكترازانەكان، سەرەڕای هەموو دڕانەكان، سەرەڕای هەموو ناپاكیەكان، سەرەڕای هەموو ئەو غەدرانەی لە یەكتری و لە كۆمەڵگای كوردیان كرد، ...، گەر لایەنی هەرە كەمی بەرپرسیاریی لەبەرامبەر "كوردبوون"دا لای گروپە سیاسیەكان مابێت، دەبێت هەموو تواناكانیان بخەنە كار، بۆئەوەی جارێكی دیكە عەبادی نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
كەوتنی كەركوك لە 16ی ئۆكتۆبەر دا، لەڕوی سایكۆلۆژیەوە چەند برینێكی سەخت و قوڵی لە یادەوەریی دەستەجەمعیی كوردیدا بەجێهێشت، بوونەوە بە سەرۆك وەزیرانی عەبادی، ئەوەندە و لەهەمان ئاستدا، برینێكی دیكەی سەخت و قوڵ لە هەمان یادەوەریدا بەجێدەهێڵێت.
سیاسەت بریتیە لە ئیدارەكردنی ستراتیژیەكان لە كورتە مەوداو نزیكە مەودا و دورە مەودادا. ستراتیژیەكانیش لەسەر پەیوەندیەكانی هێز لەنێوان ئەكتەرەكاندا دروستدەكرێن. لە نزیكە مەودادا، شكاندنی عەبادی پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆی بە كەرامەتی سیاسی كوردیەوە هەیە، گەر لە 16 ئۆكتۆبەردا ئەو كەرامەتە شكابێت، بەدڵنیاییەوە دورخستنەوەی عەبادی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەشێكی زۆر لەو كەرامەتە سیاسیە شكاوە بۆ كورد دەگەڕێنێتەوە. بێگومان كە دەڵێم كورد، مەبەستم هەموو ئەو مرۆڤانەیە كە ئینتیمای سیاسیان بۆ كوردبوون هەیە، نەك هەموو ئەو مرۆڤانەی بە كوردی قسەدەكەن، یان كوردی دەزانن، یان لە خێزانێكی كوردی لەدایكبوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group