لە یادەوەری ئەنفالدا "نامەیەكی كراوە"

تەها سلێمان

13/04/2019

یەكەم: دەسەڵات، حزب و رێكخراو، میدیاو رۆژنامەنووس، سیاسی و چالاكوان، نووسەرو ڕووناكبیر، ئەگەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی وت ": كارەسات"، ئەوە بێ‌ شك نە لە ئەنفال و نەش لە ڕوكنەكانی تاوان تێگەیشتوەو ناشیەوێ‌ تێی بگات؟ بۆیە هەقی ئەوەیان نیە گوێیان لێبگیرێ‌، بەڵكو پێویستە بایكۆت بكرێن.
دووەم: هەر حزب و لایەنێكی سیاسی، تاوانبارو تۆمەتبارەكانی دۆسییەی ئەنفال لە ریزەكانی خۆیدا حەشار بدا یان پۆست و پلەیان پێبدا یاخود رێگربێت لە دادگایی كردنیان، پێویستە گومانی جددی بخرێتە سەر هەڵویست و پرنسیپە ڕاگەیەنراوەكانی كاركردنی و خەڵكی كوردستان بەگشتی و كەس و كاری قوربانیەكان بەتایبەت لەهەموو داواكاری و داخوازییەكدا، ڕەدیان بكاتەوەو سزایان بدات و هەر سەركردەیەكیش خۆی بە دڵسۆزی گەل و نیشتمانەكەی دەزانێ‌، دەبێ‌ لەناو حزبەكەیدا قەڵغانی داكۆكی كردن بێ‌ لە كەس و كاری قوربانیەكان و لەگەڵ داخوازی دادگایی كردنی تاوانبارو تۆمەتبارەكان بێ‌، كە ئەمە نەكات هەموو قسەیەكی تر بەتاڵە!
سێیەم: پێویستە حكومەت و دەسڵاتی سیاسی، لەجیاتی مەراسیم گێڕان لە یادەوەری تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا، بڕیاربدات تەواوی تاوانبارو تۆمەتبارو داواكراوەكانی دۆسییەی تاوانی ئەنفال، دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن، نەك بە پێچەوانەوە ببێتە پشت و پەنا بۆیان و لەولاشەوە مەراسیم بۆ یادی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانەكانی تر بگێڕێ‌!
چوارەم: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی خۆی، بڕیاری سیاسی "بەرەی كوردستانی" پێش ڕاپەڕینی 1991 لە تەواوی تۆمەتبارو داواكراوەكانی دۆسییەی تاوانەكان هەڵبوەشێنێتەوەو ئەو مافە بۆ كەس و كاری قوربانیەكان لە یاسا رێك بخاتەوەو بگەڕێنێتەوە. 
پێنجەم: تا ئێستا دوولیستی سەرەكی تاوانبارو تۆمەتبارو داواكراوەكانی دۆسییەی ئەنفال هەیە، یەكێكیان "423" كەسەو "258" كەس لەو ژمارەیە لە هەرێمی كوردستانن و ئەوەی تریش لە عێراق، لەو دووژمارەیە لە عێراق و كوردستان لێیان بۆ دەرەوە هەڵهاتوەو ئەوەی ماوەتەوە لەناو عێراق و كوردستانن. ئەگەر دەسڵات لە كوردستان دڵسۆزی ئەم پرسەیە، پێویستە نەك ئەو "423" كەسە، بەڵكو كار بۆ ئەوە بكات ئاماری تەندروستی تەواوی تاوانبارو تۆمەتبارەكان ئامادەبكات بۆ دادگایی كردن و لێپرسینەوە، كە بێگومان چوار هێندەی ئەو ژمارەیەن. هەروەك چۆن هاوڕێمان "دەرسیم دیبەگەیی" لیستێكی "673" كەسی ئامادەكردوە بە زانیاری تەواوەو هەمان ئەو لیستە لە چەندین سەرچاوەو كتێب بڵاو كراوەتەوە. 
شەشەم:قەرەبووكردنەوەو داوای لێبوردن، دوو لە بابەتە گرنگەكان و تا ئێستا هەندێ‌ ناوەندی سیاسی و رێكخراوەیی و میدیایی بە هەڵە قسەی لەبارەوە دەكەن، كە بۆ ئەم مەبەستە باسی ئەوە دەكەن حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرەبووی كەس و كاری قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید بكاتەوەو هاوكات هەندێ‌ جار باسی داوای لێبوردنیش دەكەن؟ ئەم دوو بابەتە دوورو نزیك پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵكو ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانە، چۆن فشار لەسەر حكومەتی عێراقی بكەن، وەك میراتگرەوەی حكومەتەكانی پێش خۆی، قەرەبووی سەرجەم زەرەرو زیانەكانی كەس و كاری قوربانیانی تاوانەكانی جینۆسایدو ئەنفال و كیمیاباران بكاتەوەو بەفەرمیش داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان لەبەرامبەر تاوانی جینۆسایدكردنی بكات. ئەمەش پێویستە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسا رێكبخرێ‌ و حكومەت ئیلزام بكرێ‌ بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە. ڕوونتر پێویستە نوێنەرایەتی بەشداربووی كوردستان، هەم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەمیش لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراق، هەمیش لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەركی پلەیەكیان ئەوەبێ‌ كە ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادەبكەن و لە ئەولەویاتی كاركردنیان بێ‌، نەك بە پێچەوانەوە وەك رابووردو پشتگوێ‌ یان پەراوێزی بخەن. 
حەوتەم: تا ئێستا ئەوەی زانراوەو دەست نیشانكراوە، نزیكەی "300" گۆڕی بەكۆمەڵ لە عێراق هەیەو بێگومان ژمارەكەش لەوە زیاترەو بەشی هەرە زۆری گۆڕەبەكۆمەڵەكانیش لە قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال و جینۆسایدكردكردنی گەلی كوردو كوردستانن. هەروەك زانراویشەو ئامارەكانیش لەبەردەستن، تا ئێستا كەمترین ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵدراونەتەوەو رووفاتەكانیان هێنراوەتەوە بۆ كوردستان! ئەمەش جگە لە نابەرپرسیارێتی و خوێن ساردی لەئاست رووفاتی قوربانیەكان، هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێ‌! بۆیە گونجاوترین رێگا ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەر ڕێگایەك دەكرێ‌ و گونجاوە، فشار لەسەر حكومەتی عێراق بكات، بۆ ئەوەی لە بودجەی دادێی ساڵانەی عێراق، رێژەی پێویست بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتەكانیان دابنێ‌ و بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە گرنگ و پڕ بەهایەش گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی جیهانی شارەزاو خاوەن ئەزموون بكرێ‌، بۆ ئەوەی كارەكە بە رێگاوو شێوازی زانستیانە ئەنجام بدرێ‌، نەك خوڕسكیانەو دوور لە پێوەرە زانستییەكان. 
هەشتەم: خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە، كەچۆن عێراق ناچاربكرێ‌ بچێتە ناو رێككەوتنامەی رۆما 1998و ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كە ئەگەر عێراق ئەمە نەكا، ئەوە دووبارە بوونەوەی تاوانی جینۆساید لەعێراق بۆ سەر پێكهاتە جیاجیاكان لەناویاندا پێكهاتەكانی كوردستان یەكێكە لە ئەگەرە بەهێزو مەترسیدارەكان!
كۆتا خاڵ و وەك بیرخستنەوەیەك، دەپرسم ئەرێ‌ لەمێژە بڕیاربوو تاوانەكانی جینۆسایدو كیمیاباران، لەناویاندا جینۆسایدی ئەنفال، بخرێتە چوارچێوەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنەوە! جگە لەو نامیلكە كرچ و كاڵەی كە عەیبەیەكی گەورەیەو شەرمە لە هەر قۆناغێكی خوێندن باس بكرێ‌؟ چی پڕۆژەیەك لەبەردەستی كاربەدەستانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەم مەبەستە؟ یان ئەمەش قسەیەك بوو، لە مەراسیمەكاندا وتران و دواجار لەبیركران؟! ئەگەر وابێ‌ ئەمەیە كارەسات و ئاستی نابەرپرسیارێتی دەسڵاتی خۆماڵی كوردستانی لەبەرامبەر ئێسك و پروسكی قوربانیەكان، كە هۆكاری بوون و دامەزراندن و مانەوەی ئەمانە!
هێشتا زۆر شتی تریش ماون؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group