لە كەلارە وە بۆ سەماوە

فریاد هیدایەت

31/07/2019

لە ساتی گەیشتنمان بۆ سەماوە، بە فەرمانی پارێزگاری سەماوە هێزێكی سەربازی راسپێردرا تا لە كاتی رۆیشتنمان بۆ سەر گۆڕەبەكۆمەڵەكان یاوەرمان بن.
ئەفسەرێك بە پلەی ملازمی یەك، سەرپەرشتی هێزە پاسەوانیەكەمان بوو، لە كاتی گەیشتنمان بە گۆڕەكە لەلایەن تیمی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕەكە رێنمایی كراین كە تا چ خاڵێك بچینە پێش.
یەكێك لە تاقانەكانی ئەنفال ئاڵایەكی كوردستانی لە مل كردبوو، ئەفسەرەكە هاتەپێشەوە بەو بەڕێزەی وت ئەو ئاڵایە لابە، چونكە لەسەر من ئەكەوێت، چونكە لێرە ئاڵای عیراقیش هەڵناكرێ.
ئەو كەسانەی نزیكبوون وتیان ئەوە ئاڵای كوردستانە، دواتر سالار مەحمود راوێژكاری سەرۆكایە تی كۆمار ئەفسەرەكەی دەستڕاكێشا و تێیگەیاند، دواتر ناوبراو داوای لێبوردنی كرد، كە مەبەستی سوكایەتیكردن نەبوە.
هەمان ئەو ئەفسەرە و سەربازەكان جگە لە ئەركی پاسەوانی، زۆر هاوكارمان بوون لە رۆیشتنمان بۆ لای گۆڕەكان.
هەروەها پارێزگار و خەڵكی دڵسۆزی سەماوە زۆر هاوكارمان بوون، چەندینجار ئەوەیان دوپاتكردەوە كە ئەو گۆڕانە بە كەسوكاری خۆیان دەزانن نەك بێگانە.
لە رێگای رۆیشتنمان بۆ نوگرە سەلمان ئۆتۆمبێلەكەی ئێمە گازی لێبڕا، ئێمە 11 كەس بوین بە ئۆتۆمبێلە سەربازیەكان گواستراینەوە و هاوكارمان بوون.
بەپێویستمزانی ئەو روداوە راستبكەمەوە.
جەنابی دكتۆر موسەننا با ئەركی بكێشایە و پێشمان بكەوتایە بۆ سەماوە، نەك شەڕی بێبنەمای نێو پەرلەمان بۆ ئاڵا. چونكە ئێمە جەستە و ئێسك و پروسكی ئازیزانمان شاهیدی خۆڕاگری و قوربانیدانمانە، شەڕی پێویست لەسەر خاك هەردە م كردومانە و ئەیكەین نەك شەڕی بەر سپلیتی نێو پەرلەمان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group