ناسیۆنالیزم‌و عەفرین

هەندرێن شێخ راغب

پێش 2 هەفتە

گەلی كورد توڕەیە لەئەزمونی خۆی، نائومێدە لە خۆی، مەبەستم باشوری كوردستانە، دەیەوێت بڵێت ئیدی من ناسیۆنالیست نیم‌و دەمەوێت بژیم‌و هەناسەیەك هەڵمژم‌و لەوە زیاتر قوربانی هەندێ دەسەڵاتدارو بازرگانی سیاسی‌و حزب پەرست نەبم!(ناسیۆنالیزم لێرەدا مەبەست كوردایەتییە بەمانا میللیەكەی خۆمان)، ئێمە پێش ئەوەی باس لە شكستی ئەزمونی سەد ساڵی ناسیۆنالیزمی كوردی بكەین، باس لە شێخ مەحمود‌و قازی محمد‌و سەركردەو حزبەكانی كوردایەتی بكەین، دەبێت بپرسین بەڕاست ئێمە ناسیۆنالیزممان هەبووە؟ ناسیۆنالیزم هاتۆتە ناو كوردستان؟ چەمكی زانستی‌و سیاسی‌و راستەقینەی ناسیۆنالیزم لای بزوتنەوەی كوردایەتی‌و حزبەكان‌و سەركردەكان هەبووە؟ تاوەكو بێین‌و بڵێین ناسیۆنالیزمی كوردی داوەشاوەو دواكەوتووەو گەندەڵە‌و هیچی بۆ كورد‌و ئێستا پێ نییە. گرفتەكە ئەوەیە ئێمە وەك نەتەوەكانی دیكەی دنیا، قۆناغی نەتەوە، دەوڵەت، دەستور، ناسیۆنالیزم، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە....كولتور‌و پۆست كولتوریشمان نەبڕیوە‌و لەقۆناغی فیستڤاڵی هۆزو عەشیرەت‌و بنەماڵەداین.. لەقۆناغی شەڕی تخوبی گوند‌و ناوچەگەریداین، لەقۆناغی شەڕە حزبایەتی تەقلیدیداین..هێشتا گومان دەكرێت لە هۆزەوە بۆ نەتەوە پەڕی بینەوە..كەچی بێین‌و بڵێین ناسیۆنالیزم بۆگەنە‌و نەژادی‌و وێرانە‌و ئەگەر وا بیربكەینەوە لە ئەوروپا جێگامان نابێتەوە؟ لە دنیا جێگامان نابێتەوە؟ ئەی ئەگەر ئاوایە بۆچی بەلجیكی، سویدی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی، سكۆتلەندی، ئیسپانی.....هتد دەستبەرداری دەوڵەت‌و سنورو ئاڵای خۆی نابێت، دەستبەرداری مارشی نەتەوەیی خۆی نابێت؟ دەستبەرداری زمانی دایكی خۆی نابێت؟. كام بیرمەند‌و فەیلەسوفی ئەوروپا هەیە بە ئاشكرا بڵێت من هیچ نەتەوەو سنورو دەوڵەت‌و ئاڵاو مارشێكم نییە؟ ئەگەر فەیلەسوف‌و بیرمەند‌و كەسایەتیەكانی ئەوروپا بڕوایان بە نەتەوە‌و سنور‌و دەوڵەت‌و ئاڵا‌و مارش نەماوە، كەواتە فەرقی چیە بۆ لە میونخ، پاریس، بەرلین، ستۆكهۆڵم، لەندەن دەژین، با بێن تەنها یەك مانگ لە فەلوجە، كۆبانێ، بەسرە، چەمچەماڵ، كابول، ئیسلامئاباد بژین. ئەی ئەوە نیە لای ئەوان دەوڵەت نەتەوە كۆتایی پێهاتووەو سنور نەماوەو گرنگ مرۆڤایەتیە كەواتە فەلوجەو كۆبانێ‌و چەمچەماڵیش مرۆڤی لێ ئەژی، با بێن لەوێ بژین؟ 
ئەزمونی باشوری كوردستان كەند‌و چاڵ‌و شكستی زۆرە، ئەزمونێكە حزبەكان زۆر هێنان‌و بردنیان پێكردووە، ناعەدالەتی‌و گەندەڵی‌و شكاندنی شكۆی یەكتر هەیە، مرۆڤی ئێمە لەژێر ئاڵای حزبە كوردیەكان‌و دروشمی كوردایەتی زوڵمیشی لێكراوە، شەڕی براكوژی‌و تاڵانی سامانی كوردستانیش هەیە، قۆناغێكی زۆر سەختە‌و نەوەیەكی زۆر توڕەو نیگەران‌و نائومێد هەیە. دەبێت دەستبخەینەسەر برینەكانمان‌و رێك‌و راست ئەم شكستانە باس بكەین، بەڵام ئەوەش كوردستان ناكات بە بەهەشت‌و دنیای خەیاڵەكان‌و خۆشگوزەرانی‌و عەدالەت ئەگەر كوردایەتی نەمێنێت‌و ئەبو موهەندیس‌و قاسمی سلێمانی‌و ئەردۆغان‌و بەشار ئەسەد‌و ئەبوبەكر بەغدادی بێن حوكمی ئێمە بكەن. راستە ئێستا لە عیراق پیاوێكی وەك عادل عەبدولمەهدی لە زۆر مافیای كوردی باشترە؟ لانی كەم هەتا ئێستا خراپ نییە، بەڵام عادل عەبدلمەهدی نەك هەر كەمینەیە، بەڵكو تاكە كەسە. كۆی زهنیەتی عیراق‌ و عەرەب بە هەردوو باڵەكەی سوننە‌و شیعە بەرامبەر تۆ هێجگار دڕندەن. 
با لێرەدا نمونەیەكی زۆر زیندوو بخەینەروو، ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئێمە دەوڵەتی نەتەوە دروست ناكەین‌و بڕوامان پێی نیە.ئێمە سوریا پارچە پارچە ناكەین‌و هاوڵاتی سوریاین..ئێمە كۆنفیدڕاڵی دیموكراتی پەیڕەو دەكەین، تەنانەت ئۆجەلان لە ئیمڕالیەوە نەخشە رێگای كۆنفیدڕاڵی دیموكراتی راگەیاند. لە رۆژئاوای كوردستان ناوی كوردستانیش نیە، ناویان ناوە فیدڕاڵی باكور‌و رۆژهەڵاتی سوریا. عەرەب‌و سریانی‌و توركمان وەكو كورد خاوەنی هەموو شتێكن.. لە ناوچەی عەفرینەوە یەك دەمانچەش نەتەقی بوو، ئاڵای كوردستان نەبوو، ئەی رەقیب نەبوو؟؟؟، دەوڵەتی نەتەوە نەبوو، كەچی دەوڵەتی توركیا بەهەموو لایەن‌و تواناكانی ناویەوە پەلاماری عەفرینی دا..بۆچی كەس قسەی نەكرد تەنانەت بیرمەند‌و فەیلەسوف‌و هونەرمەندی توركیاش نەیانگوت نابێت ناسیۆنالیزمی توركی وا بكات، پیرۆزباییان دەكرد. خۆ عەفرین خاكی توركیا نەبوو. كەچی توركەكان هاتن داگیریان كرد بۆ ئەوەی ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان لەتوپەت بكەن نە بێتە كیانێكی یەكگرتوو..سوریا‌و عێراق‌و ئێرانیش قسەیەكیان نەكرد چونكە دژی كورد بوو.. بۆیە عەفرین باشترین نمونەیە كە ئەوان كوردیان نەك وەك نەتەوە، دەوڵەت نەتەوە، قبوڵ نییە، بەڵكو وەكو هۆزو خێڵیش قبوڵت ناكەن. 
لە باشوری كوردستان ریفراندۆم كرا، ئایا پێویست بوو ئاسمان‌و زەویمان لەسەر دابخەن..چیمان كردبوو، بۆمبی هێرۆشیما‌و ناكازاكیمان بەرامبەر عەرەب‌و تورك‌و فارس بەكارهێنابوو؟ دەبابە‌و چەك‌و فیشەكمان بەكارهێنابوو؟، شارو گوند‌و ناوچەی عەرەب‌و تورك‌و فارسمان داگیركردبوو؟ چیمان كردبوو كە بەمجۆرە پەلاماری كەركوك‌و خانەقین‌و شەنگال بدرێت.كۆمەڵكوژمان بكەن..تەنانەت سنوریان لەسەر داخستین..ئاسمانیان لەسەر داخستین.. تەنها لەسەر ئاڵای كوردستان تاقانەیەكی كوردیان لە خانەقین كوشت..زمان‌و لۆگۆی كوردستان وەك ماددەی هۆشبەری لێكرا، ئینجا هی ئەوان راستە‌و كاری باشیان كردووە، بەڵام كورد كاری خراپی كردووەو چارەسەریش ئەوەیە لەرقی بارزانی‌و تاڵەبانی، لەرقی پارتی‌و یەكێتی واز لە كوردایەتی‌و مێژوو‌و زمان‌و خاك‌و هەموو شتێك بهێنین..بەڵێ برسیەتی‌و ناعەدالەتی‌و گەندەڵی‌و رەفتاری ناجۆری سیاسی زۆر قێزەن هەیە‌و بەرپرسی یەكەمیش پارتی‌و یەكێتین..بەڵێ زۆر توڕە‌و نائومێد‌و نیگەرانین لەوەی بەناوی كوردایەتیەوە دەیكەن‌و دەیبەن..بەڵام كوردبون رەگەزنامەی خوێنە..پەیوەندی بەهیچ حزب‌و سەركردەو لایەنێكەوە نیە.
بەڵێ رەگەزپەرستی، نەژادپەرستی، شۆڤێنیەت، ناوچەگەری، مەزهەبگەرایی، ئاپارتاید‌و پەتریاركیەت زۆر ماڵوێرانكەربوون بۆ مرۆڤایەتی‌و خوێن‌و جەنگی زۆریان رشت‌و دروست كرد. بەڵێ مرۆڤ لەسەر بچوكترین بیرورای جیاوازی خۆی روبەری مەرگ بۆتەوە. بەڵام ئەمە دروست كراوی كورد نیە، تاوەكو كورد بێت حاشای لێ بكات. پێش ئەوەی دژی ناسیۆنالیست‌و دەوڵەت نەتەوەی كوردی بین، دەبێت دژی ناسیۆنالیست‌و دەوڵەت نەتەوەی تورك‌و عەرەب‌و فارس بین. تا وتارێك دژی كوردایەتی دەنوسین، دەبێت سەد وتار دژی عروبە‌و تەتریك‌و تەفریس بنوسین. كۆی مەبەستی من ئەوەیە دەمەوێت بڵێم دەبێت مرۆڤبوون‌و دیموكراسی‌و ئازادی‌و كەرامەت یەكەم كارمان بێت، دووەم كارمان كورد بوون بێت، بەڵام ئەمە سەد دەر سەدیش دەبێت بۆ عەرەب‌و تورك‌و فارسیش بێت. جەنگی دوو لایەنەیە چۆن لە كوردایەتی خۆمان دەمانەوێت رزگارمان بێت، دەبێت لە عروبە‌و تەعریب‌و تەتریك‌و تەفریسیش رزگارمان بێت. ئەگینا لە جەنگ‌و ماڵوێرانی‌و بازرگانی سیاسی‌و قاچاغچی نەتەوەگەرایی دەربازمان نابێت‌و جەرگی دایكەكان هەر دەسوتێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group