فەرامۆشیان مەکەن! ئەوان شایستەى ژیانێکى باشترن

عومەر گوڵپی

01/10/2019

مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانى تەمەندا، پێویستى بە پێداویستیە سەرەکیەکانى ژیان، و پاراستنى کەرامەت و ڕێز هەیە، بۆ هەموو قۆناغەکانى تەمەنیش دامەزراوە فەرمییەکانى حکومەت ئەرکیانە لە بوارى دابینکردنى پێداویستییەکانى ژیان و پاراستنى ماف و کەرامەت بۆ مرۆڤ ڕۆڵى گەورەیان هەبێت، بە هەمانشێوە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و کۆمەڵگەى مەدەنیش، بەڵام لە دوو قۆناغى تەمەندا، کە قۆناغەکانى (منداڵى) و (بەساڵاچوون)ن، ئەرکەکە زیاترو وردو قورسترو پێویستترە.
مرۆڤ هەروەکچۆن لە تەمەنى منداڵیدا پێویستى بە چاودێرى و خزمەت هەیە بە ئاستێک هیچ پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات، بە هەمانشێوە بۆ تەمەنى بەساڵاچوونیش، واتە لە تەمەنى شەست ساڵى و زیاتر، پێویستى زۆر بۆ چاودێرى و پاراستنى ماف و کەرامەت هەیە.
لەو تەمەنەدا، توانا جۆراوجۆرەکانى مرۆڤ بەرەو لاوازى و پەککەوتەیى دەچن، تواناى جەستەیى و ژیریى و دەمارى و هەموو تواناکانى تر، بە ئاستێک بە پێى زۆرینەى ئامارەکان زۆرترینى تێچووى خەرجییەکانى تەندروستى بۆ بەساڵاچووانە بە بەراورد بە پۆلێنەکانى ترى تەمەن لە هەموو جیهاندا.
پێویستیەکى گەورە هەیە بۆ گرنگیدان بە چاودێرى بەساڵاچووان؟
لە سەردەمەکانى پێشوودا، پێکهاتەى خێزان بە جۆرێک بوو کەمتر کێشەى بەساڵاچووان و چاودێرییان بابەتى باس و خواس بوو، هەربۆیەش کەمتر دامەزراوەى حکومى و ناحکومى پەیوەندیدار لەم بوارەدا دەردەکەوتن، ئەوەش بەهۆى پێکەوەبوونى دایک و باوک و منداڵ و نەوەکان لە نزیکى یەک و لەیەک چوارچێوەى خێزانى گەورەدا، بەڵام لەگەڵ گەشەى ژیارى و شێوازى نوێى ژیانکردن و بچووکبوونەوەى خێزان، بایەخى گرنگیپێدان بە بە ساڵاچووان بووەتە پێویستییەکى حەتمى و پێویستى بە دامەزراوەى تایبەت و بەشدارییەکى جیدى حکومەت و رێکخراوەکان و خێرخوازان هەیە، بە ئاستێک لە ڕێژەى لە (١٠% - لە سەدا دە)ى دانیشتوانى سەر زەوى لە ساڵى (١٩٩٩) چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵى (٢٠٥٠) ڕێژەکە بەرز ببێتەوە بۆ (٢٢% - لە سەدا)، ئەوەش بەو مانایە دێت لە ساڵانى داهاتوودا ڕێژەى پێویستیەکە زۆر زیاتر دەبێت، هەربۆیەش نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژى ١ى ١٠ى هەر ساڵێکى تەرخانکردووە بۆ گرنگیپێدان بە بەساڵاچووان.
ئەو زەرورەتى گرنگیپێدان بۆ کوردستانیش ڕاستە، بەهۆى ئەو گؤڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەى لە دە ساڵى ڕابردوودا ڕوویانداوەو لە ساڵانى ئایندەدا زیاتریش دەبێت، هەربۆیە قسەکردن لەسەر ئەوەى لە کورستان چى دەکرێت بۆ بەساڵاچووان؟ زۆر گرنگە، بەشدارى حکومەت و خێزان و هاووڵاتیان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەم بوارەدا لە چ ئاستێکدایە؟ پرسێکى کۆمەڵایەتى هەستیارە.
ماڵەکانى بەساڵاچووان چى دەکەن؟
لە هەرێمى کوردستان، چوار ماڵى بەساڵاچووانى فەرمى هەیە، لە هەریەکە لە شارەکانى سلێمانى و هەولێرو دهۆک سێ ماڵى بەساڵاچووانى حکومى هەیەو یەک ماڵیش لە گەرمیان بە خێرخوازى.
لە ماڵەکانى بەساڵاچوواندا، هەرکەسێکى تەمەن (٦٠ ساڵ) و زیاتر بۆ پیاوان و (٥٥ ساڵ)و زیاتر بۆ ژنان بەهەر هۆکارێک پێویستى بە ماڵەکە هەبێت وەردەگیرێت، دەکرێت هۆکارەکە هەژارى، یان کێشەیەکى کۆمەڵایەتى یان نەبوونى چاودێرى، یان کێشەى خێزانى بێت، یان زیاتر لە هۆکارێک بەیەکەوە.
لە ماڵەکانى بەساڵاچوواندا خزمەتگوزارى پەیوەندیدار بە چاودێرى ڕۆژانەو بەردەوام، تەندروستى، کۆمەڵایەتى، ژیان و پێویستییەکانى پیشکەش دەکرێت.
لە ماڵەکانى بەساڵاچوواندا کار دەکرێت بۆ ئەوەى کەسى سودمەند لە پەیوەندییەکى باشدا بێت لەگەڵ خانەوادەو کەس و کارو هاوڕێکانى، بەشێوەیەکى ئازادانەو ڕێکخراوانە بەساڵاچوو دەتوانێت سەردانەکانى ڕێک بخات و بچێتە دەرەوەى ماڵى بەساڵاچووان.
لە ماڵەکانى بەساڵاچووندا لە کوردستان، هەنووکە نزیکەى (١٥٠) بەساڵاچوو ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام ژمارەى ئەو بەساڵاچووانە چەندە کە پێویستى زۆریان بە ماڵى بەساڵاچووانەو لە دەرەوەى ماڵەکە لە ژیانێکى خراپدان و بەهۆى “عەیبە”! ەوە ناهێنرێنە ماڵەکانى بەساڵاچووان؟ دیار نییە، بەڵام ژمارەیەکى کەم نییە، ئەوەش بە پێى زانیاریى و لێکدانەوەکانى بەندە.
ڕاستکردنەوەى بۆچوونێکى لەسەر ماڵى بەساڵاچووان!
بەهێندێک هۆکار، بەداخەوە لە کوردستان زۆرجار وا بیر دەکرێتەوە کە ماڵەکانى بەساڵاچووان هى ئەو بەساڵاچووانەن کە لەلایەن خێزان و کەس و کاریانەوە “فڕێ” دەدرێن، لەگەڵ ئەوەى وشەکە نەشیاوەو لەگەڵ ڕێزو کەرامەتى مرۆڤ یەک ناگرێتتەوەو هیوادارم هیچ کەس بەکاری نەهێنێت، ئەوا ئەم بۆچوونە بێجگە لەوەى بەشێکى هەڵەیە بە پێویستى دەزانم دوو قسە لەمبارەیەوە بکەم:
قسەى یەکەم/ بۆچوونەکە لەو پەیوەندییە توندوتۆڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوان خێزانى کوردستانیدا هەیە، ئەمە حاڵەتێکى کۆمەڵایەتى زۆر باشەو هیوا خوازین پەیوەندى نێوان ئەندامەکانى خێزان بەردەوام هێندە بەهێز بێت کە هەمیشە ئەندامان لە ناو خۆیاندا لە دۆخێکى پڕ لە گیانى هاوکارى و یەکتر تەواو کردندا بن، هەربۆیە دەکرێت بڵێین ئەم حاڵەتە زۆر باشەو هیواخوازین کۆمەڵگەکەمان بەهۆى ئەو کلتورە جوانەو پاڵنەرە ئاینییەکانەوە هەر بەوجۆرە بمێنێتەوەو تاکەکانى خێزان بە ئەرکى خۆیان بەرانبەر بەساڵاچووان هەستن لە دۆخێکى ئەوپەڕى مرۆڤدۆستیدا.
قسەى دووەم/ ماڵەکانى بەساڵاچووان ماڵى حکومین و بۆ بەساڵاچووانن، بێ منەتن و دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەى خزمەتى بەساڵاچووان بکەن، بۆ ئەو بەساڵاچووانەى کە بەو هۆکارو مەرجانەى کە لەسەرەوە باسمان کردن دێنە ماڵەکان و سودمەند دەبن، واتە دەتوانین بڵێین: دەکرێت هۆکارى هاتنە ماڵى بەساڵاچووان ئەو هۆکارانەشى تێدابێت کە تیایدا خێزانەکان ناتەبان و بەهاى ڕێزو وەفا تیایاندا لاوازە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها هۆکارەکە نییەو هۆکارى ترى وەک نەبوونى کەس و کارى نزیک، وەک کوڕو کچ و خوشک و برا، یان بەردەست نەبوونیان و لە دەرەوەى وڵات بوونیان، یان هەژارى و نەدارى نەوەکان و خێزانەکان ئامادەیى هەیە، ئەوە بێجگە لە هۆکارى ترى جیاجیا، واتە هەمیشە هۆکارەکە ئەوە نییە کە خەڵک خراپەو بەساڵاچووەکانى بەخێو ناکات و وەفا نەماوەو بەساڵاچووەکانیان دەنێرنە ماڵى بەساڵاچووان، بۆیە پێویستە ئەم تێگەیشتنە ڕاست بکرێتەوە و هەموو لەوە تێبگەین کە ئەو هاووڵاتیانەى کە لە ماڵەکانى بەساڵاچووانن ڕێزلێگیراون، ماڵەکانى بێ منەتن، موڵکى حکومەتن واتە ماڵى خۆیانن و لەوێش توێژەرو فەرمانبەران کار دەکەن بۆ پاراستنى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە پێى توانا، هەروەک گرنگە وەک سەنتەرێک بۆ کۆکردنەوەى هاوتەمەنەکان لێیان بڕوانین، تەنانەت بە تێگەیشتنى زۆربوونى ژمارەى بەساڵاچووان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان وا دەکات لە ئایندەدا سەنتەرى تایبەت بکرێتەوە بۆ بەساڵاچووان ئەگەرچى لە شەوانیش بەساڵاچووانی تێدا نەمێننەوە.
بەداخەوە ئەمە لە کاتێکدا ڕوون دەکەینەوە کە دەیان بەساڵاچووى تر بەهۆى ئەو عەیبەبوونەى کۆمەڵگەو نەفرەتى خەڵکەوە بەساڵاچووەکانیان ناهێننە ماڵى بەساڵاچووان، بەڵام لە دۆخێکى زۆر خراپى پڕ فەرامۆشى و نەبوونى چاودێرى و پاک و خاوێنى و خواردنى پێویست و شوێنى مانەوەى باش و چارەسەرى تەندروستى باش و دەیان کێشەى ترەوە دەناڵێنن.
پێوبیستە چى بکرێت بۆ بەساڵاچووان؟
بەخۆشحاڵیەوە کۆمەڵگەکەمان لە ڕووى ژمارەوە بە کۆمەڵگەیەکى گەنج ئەژمار دەکرێت، بەڵام ژمارەى بەساڵاچووان ژمارەیەکى کەم نییە، لە هەمان کاتیشدا بەساڵاچووان گیرۆدەى کۆمەڵێک کێشەى جۆراو جۆرن کە دەکرێت ئەمانەى خوارەوە لەو کێشانەبن:
١ـ کەمى مووچەى خانەنشینى کە تەمەنى بەساڵاچوونە، بەجۆرێک کە لە زۆرێک پلەو ئاستەکانى فەرمانبەرێتیدا ئەو مووچەیە بەشى بژێوى ژیانى ڕۆژانە ناکات.
٢ـ نەبوونى هیچ دەستەبەرییەکى تەندروستى و نەبوونى یەکەو بنکەو نەخۆشخانەى تایبەت بە بەساڵاچووان و نەخۆشییە ناسراوەکانیان کە بە نەخۆشییەکانى تەمەن ناسراون.
٣ـ نەبوونى هچ بڕە مووچەیەک بۆ ئەو بەساڵاچووانەى کە خاوەنى هیچ داهاتێک نین و لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، تا ساڵى ٢٠١٥ ئەم مووچەیە هەبوو، ئەگەرچى کەم و کورتیش بووبێت، بەڵام شتێکى زۆر باش بوو، ئومێد دەکەم لەم کابینەیەدا بە زوویى ئەوە بگەڕێتەوە.
٤ـ نەبوونى چاودێرى بەساڵاچووان لە ماڵەکانى خۆیاندا لەلایەن دامەزراوەى حکومى و ناحکومییەکانەوە.
٥ـ فەرامۆشکردنى بەساڵاچووان و هەستکردن بە تەنهایى.
٦ـ نەبوونى سەنتەرو شوێنى تایبەت بە کۆبوونەوەو کات بەسەربردن بۆ بەساڵاچووان، لەم ڕووەەوە کۆمەڵگەى ئێمە تەنها چایخانەکانى هەیە، کە ئەوەش بۆ هەموو تەمەنەکانەو ئەو گۆڕانکارییانەى لە بازاڕو شوێنەکانى بازاڕکردندا هاتوونەتە ئاراوە ئەم دەرفەتەشى کەم کردووەتەوە.
٧ـ نەبوونى ڕێکخراوو گروپى کۆمەڵگایى تایبەت بە بە ساڵاچووان.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێیم: بەساڵاچووان مافیان بەسەر وڵاتەکەمان و نەوەکانى ئێستەوە هەیە، چونکە ڕۆژانێک خزمەتى گەورەیان کردووەو ژیانى گەنجى خۆیانیان پێشکەش کردووە، نابێت فەرامۆش بکرێن، و پێویستە خزمەتگوزارى کۆمەڵایەتى حکومى بەهێزتر بکرێت و بێجگە لە لەخۆگرتنى ئەو بەساڵاچووانەى پێویستیان بەماڵەکانى بەساڵاچووان هەیە(کە خزمەتێکى باشە) دەستى خزمەت و چاودێرى بگەیەنرێتە بەساڵاچووان لە ماڵەکانى خۆیاندا، کۆمەڵگەى مەدەنى و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لەم بوارەدا کاربکەن و ڕۆڵى خۆیان بگێڕن، بۆ ئەوەى بەساڵاچووان هەست نەکەن خێزان و کۆمەڵگەکەیان بێ وەفایە بەرانبەریان و ئەو مافەی هەیانە لە ژیانێکى باشتر بۆیان بڕەخسێنن، دەرئەنجام ئەو تەمەنەى لە ژیاندا ماویانە بەبێ هیواییەوە بەسەرى نەبەن و بە تەندروستیەکى باش و مومارەسەکردنى هیواو خولیاکانیان سەرقاڵ بن، و تا ئەو ساتەى لە ژیاندان بە ئومێدەوە بژین و نەوەک چاوەڕوانى مردن نەکەن بەڵکو بەشدارییەکى ئەرێنى بکەن لە کۆمەڵگەدا.


*بەڕێوەبەرى گشتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى لە پارێزگاى سلێمانى.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group