"جۆکەرەکانی مەعریفە: کاتێک 'کەسی نەشیاو' دەبێتە مەرجەعی هەموو کایەکان". یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، تەنها لە سیستەمی حوکمڕانی و ئیدارەداندا نییە کە تێیدا بنەمای "کەسی شایستە بۆ شوێنی شیاو" فەرامۆش کراوە، بەڵکو ئەم پەتایە بە قوڵی شۆڕبووەتەوە بۆ ناو کایەی ڕۆشنبیری و فیکریش. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە "پسپۆڕی" و "تایبەتمەندی" بەهای خۆیان لەدەستداوە و جۆرە مۆدێلێکی نوێ لە مرۆڤی "هەمووشتزان" یان "جۆکەر" سەریهەڵداوە. ئەو جۆکەرانەی لە هەموو شوێنێکن : لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، گەورەترین بیرمەند و زاناکان تەنها لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا قسە دەکەن و ئەگەر پرسیارێکیان لێ بکرێت لە دەرەوەی کایەکەی خۆیان بێت، بەوپەڕی ڕێزەوە دەڵێن "نازانم" یان "ئەوە کاری من نییە". بەڵام لای ئێمە، جۆرە کارەکتەرێک دروست بووە کە وەک "جۆکەر" وایە؛ بۆ هەموو کایەکان دەبێت. بەیانیان لەسەر "بنیاتگەری و مۆدێرنە لە ئەدەبدا" شیکاری دەکات، نیوەڕوان لەسەر "جوگرافیای سیاسی و کێشەی ئاو" لێدوان دەدات، و ئێوارانیش دەبێتە شارەزایەکی باڵای "سیستەمی ئابووری و مۆدێلی هاوردەکردنی کاڵا". ئەم کارەکتەرانە، کە زۆرجار سۆشیاڵ میدیا و شاشەی تیڤییەکان وەک "ڕۆشنبیر" دەریان دەخەن، هیچ سنوورێک بۆ مەعریفەی خۆیان دانانێن. ئەوان دەتوانن لە یەک کاتدا باس لە "بنەماکانی هاوردەکردن و سستمی ئابووری" بکەن و دەستبەجێ باز بدەنە سەر "کوالێتی بنێشتی کوردی" و مێژووی دروستبوونی. ئەمە تەنها نیشانەی زیرەکی نییە، بەڵکو نیشانەی جۆرێک لە "هەرزەگۆیی فیکری" و بێڕێزییە بە زانست و پسپۆڕی. حوکمڕانی و ڕۆشنبیری: دوو ڕووی یەک دراو : کاتێک لە دەسەڵاتی سیاسییدا کەسێکی نەشیاو دەکرێتە وەزیر یان بەڕێوەبەرێکی گشتی، ئێمە هاوار دەکەین و دەڵێین ئەمە وێرانکارییە. بەڵام کاتێک لە کایەی ڕۆشنبیریدا کەسێک کە هیچ پاشخانێکی زانستی نییە، دەبێتە مەرجەعی قسەکردن لەسەر "مێژوو، سیاسەت، هونەر و ئایین"، هەمان وێرانکاری ڕوودەدات. ئەم "جۆکەرە ڕۆشنبیرییانە" زیانیان لە سیاسییە نەزانەکان کەمتر نییە. ئەوان مێشکی کۆمەڵگە ژەهراوی دەکەن، چەمکەکان تێکەڵ دەکەن و ڕێگە نادەن "کەسی پسپۆڕ" دەربکەوێت. کاتێک جۆکەرێک لە هەموو شتێکدا قسە دەکات، دەنگی ئەو کەسەی کە ٣٠ ساڵ تەمەنی لە بواری "ئابووری" یان "مێژوو"دا بەسەر بردووە، کپ دەکرێتەوە. ئاکام : فەوزای مەعریفە ئەنجامی ئەم دیاردەیە دروستبوونی جۆرە کۆمەڵگەیەکە کە هەمووی قسە دەکات و کەسیش تێناگات. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا جیاوازی نییە نێوان "تیۆرییەکی ئابووری" و "شێوازی کوڵاندنی بنێشت". کۆمەڵگایەک کە لە رادێویەکی شکاو دەچێت کە هەر نوزەی دێت و بەردەوام دەبۆڵێنێت و هیچ بەرهەم ناهێنێت .. بۆ ئەوەی لەم تەنگژەیە دەربازبین ، پێویستمان بە شۆڕشێکی فیکرییە ، بە راچەنینێک بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ "پسپۆڕی". دەبێت فێری ئەوە ببین کە "هەموو شتێک زانین، واتە هیچ نەزانین". ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە لەسەر هەموو شتێک قسە دەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە سنووری مەعریفەی خۆی دەناسێت و ڕێز لە پسپۆڕییەکانی تر دەگرێت. تا ئەو کاتەی "جۆکەرەکان" مەرجەعی قسەکردن بن لەسەر هونەر، سیاسەت، مێژوو و ئابووری، ئێمە تەنها لەناو بازنەیەکی بۆشدا دەخولێینەوە و "کەسی شایستە" هەر بە پەراوێزخراوی دەمێنێتەوە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.