ئاسیکوداو دەروازەكانی هەرێم لە پلاتفۆرمی داراییدا

د.پیرۆت محمد امین

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسیکودا سیستەمێکی بەڕێوەبردنی گومرگی جیهانییە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان  پەرەی پێدراوە. لە عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە بۆ ئاسانکاری پرۆسەی هاوردە و هەناردەکردن وبە دیجیتاڵکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی و بیرۆکراسی بەکاردێت. 
سیستەمی ئاسیکودا پشتگیری زیاتر لە 100 وڵات و هەرێم دەکات لە بەهێزکردنی دامەزراوەکان و دروستکردنی ژینگەی بازرگانی مۆدێرن و کارا و بەردەوام. دیجیتاڵکردنی گومرگی و ڕێکارەکانی سنوورەکان و بەرزکردنەوەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەیی بووەتە شتێکی بنەڕەتی بۆ دڵنیابوون لە سیستەمی بازرگانی پارێزراو و شەفاف.
 تا کۆتایی ساڵی 2024 سیستمەکە بە تەواوی لە عێراقدا جێگیرکرا لە سەرانسەری 9 گەورەترین فەرمانگەی گومرگی ، کە بە قەبارەی 81 %ی بازرگانی نێودەوڵەتی عێراقی دەگرێتەوە. ئەم فەرمانگانە بریتین لە دەروازە سنوورییە سەرەکییەکان لەگەڵ کوەیت، ئوردن و سعودیە، هەروەها بەندەری سەرەکی عێراقە بۆ کەنداو.
ئەم هەڵوێستەی حكومەتی فیدراڵی دەتوانرێت وەک ڕاگەیاندنێکی ڕوون بۆ بەکارهێنانی ئامرازە دارایی و دراوییەکان وەک پابەندبوونی سەروەری لێکبدرێتەوە، نەک تەنها وەك ڕێوشوێنێکی ڕێکخراوەیی تەکنیکی. پەیوەستکردنی پابەندبوون بە گومرگی یەکگرتوو لە سیستەمی ئاسیکودا وە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمی دارایی بەو مانایەیە کە حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی بانکی ناوەندی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوونی گومرگی گۆڕیوە بۆ پێشمەرجێک بۆ بەشداریکردن لە سیستەمی دراوی فەرمی وڵات.
کاتێک باجی گومرگی و سیستمی ئاسیکودا لە دەروازەكانی ناوەڕاست و باشووردا بە توندی جێبەجێکرا،  جیاوازییەکی ڕوون لە تێچوون و سنووردارکردنەکاندا سەریهەڵدا، ئەمەش وای لە بازرگانان کرد کە کاڵاکانیان بەرەو دەروازەكانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستە بکەنەوە، جا بەفەرمی بێت یان بەنافەرمی، بەو پێیەی کەمترین نرخ و خێراترین ڕێگا بوو لە ڕووی ڕێکارەکانەوە.
ئەزمونی سەرەتایی جێبەجێكردنی سیستەمەكە ئەوە دەردەخات کە ئەم سیستەمە بەبێ ئامادەیی دامەزراوەیی هەمەلایەنە بووەتە هۆی دەرئەنجامی خراپ، لەوانە پەککەوتنی بازرگانی لە هەندێک دەروازە سنوورییەکانی باشوور  هەروەها دابەزینی داهاتەکان بەهۆی چەندین خاڵی پشکنین . ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کێشەکە ئەوەندە لە خودی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو لە ژینگەی ناتەبایی جێبەجێکردندایە.
سەرەتای ساڵی  ٢٠٢٦ وەک دوا وادە  لەلایەن بغداد بۆ یەکخستنی باجی گومرگی و چالاککردنی سیستەمەكە لە دەروازەكانی هەرێم  دیاریکرا، لەگەڵ هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی لە ئەگەری پابەندنەبوون.
ئەگەر حکومەتی فیدراڵی فشاری ڕاستەوخۆ بخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ناچارکردنی بەشداریکردنی لە سیستەمی ئاسیکودا، بە بەکارهێنانی هەڕەشەی دەرکردنی دەروازە سنوورییەکانی لە پلاتفۆرمی دارایی، ئەمە دەبێتە هۆی زنجیرەیەک کاریگەریی بەیەکەوە گرێدراو کە لە دەرەوەی بابەتی گومرگی درێژدەبێتەوە بۆ خودی پێکهاتەی ئابووری هەرێم. 
دەرکردنی ئەم دەروازانەی هەرێم بازرگانی فەرمی پەكدەخات، چونکە هاوردەکاران دەستڕاگەیشتن بە دۆلار بە ڕێژەی فەرمی لەدەست دەدەن و حەواڵە بانکییەکانی پەیوەست بە هاوردەکردن ئیفلیج دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانی فەرمی لە ڕووی ئابوورییەوە بە بەراورد بە کەناڵە نافەرمیەکان نەتوانرێت بەردەوام بێت.

لەم چوارچێوەیەدا هەرێم لەژێر فشاری دوولایەنەدا دەبێت: لەلایەک فشاری دارایی کە لە دابەزینی داهاتی گومرگی و خاوبوونەوەی چالاکی هاوردەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت و لە لایەکی دیکەوە فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆیی بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کاڵاکان و پەرەسەندنی ناڕەزایی لەنێو بازرگانان و کەرتی تایبەتدا. 
لە بەرامبەر ئەم خنکاندنە وردە وردە، قبوڵکردنی هەرێم لە ئاسیکودا زیاتر دەبێتە هەڵبژاردەیەکی زۆرەملێ نەک بڕیارێکی سەروەری، چونکە سیستەمەکە وەک مەرجێک بۆ گەڕانەوە بۆ سووڕی دارایی فەرمی دەردەکەوێت نەک وەک چاکسازییەکی ئیداری بێلایەن. 
هاوڵاتی لە کۆتاییدا تێچووی ئەم ناهاوسەنگییە لە ئەستۆ دەگرێت لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، کەمبوونەوەی هەلی کار کە لە ئەنجامی بچووکبوونەوەی چالاکییە بازرگانییەکانەوە دروست دەبێت، و تێکچوونی متمانە بە ژینگەی ئابووری. جگە لەوەش گۆڕینی هەندێک بازرگانی بۆ کەناڵە نافەرمیەکان پاراستنی بەکاربەر لاواز دەکات و سووڕانەوەی ئەو کاڵایانە زیاد دەکات کە ناچنە ژێر کۆنترۆڵی کوالیتی، ئەمەش مەترسی تەندروستی و ئابووری زیاتر دروست دەکات.
دەتوانرێت "سزا داراییەکان" وەک ئامرازی فشاری ئابووری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەكاربهێنرین  کە ئامانج لێی ناچارکردنی  حكومەتی هەرێمە بۆ پابەندبوون بە سیستەمی ئاسیکودا. ئەم سزایانە تەنها لە غەرامە تەقلیدییەکاندا سنووردار نابن بەڵکو ئەو ڕێوشوێنانە  لەخۆدەگرن کە دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبێت لەسەر چالاکییە بازرگانی و داراییەکان. دیارترین فۆرمەکانی ئەم سزا ئەگەرییانە بریتین لە:
1- دەرکردنی دەروازەكان لە پلاتفۆرمی دارایی بانکی ناوەندی، وە ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە دۆلار بە ڕێژەی فەرمی بازرگانان و پەکخستنی گواستنەوەی دارایی و بازرگانی ئاسایی
2-سەپاندنی غەرامەی ڕاستەوخۆی نەختینە بەسەر دەروازەكان یان کۆمپانیاکانی پابەندنەبوو، وەک پێدانی بڕە پارەیەکی دیاریکراو بۆ هەر بارکردنێک کە ناگونجێت لەگەڵ باجی گومرگی یەکگرتوودا ، ئەمەش تێچووی کارە بازرگانییەکان زیاد دەکات.  
3- سنووردارکردنی مۆڵەتی هاوردە و هەناردەکردن، بەجۆرێک کە تەرخانکردنی دارایی بۆ بازرگانان یان کۆمپانیاکانی شحنی پابەندنەبوو دەرناکرێت یان نوێ نەکرێتەوە.
4- زیادکردنی چاودێری و سنووردارکردنی مامەڵە داراییە ناوخۆییەکان، بە ناچارکردنی بانکە ناوخۆییەکان لە هەرێم بۆ مامەڵە توند لەگەڵ گواستنەوەی دارایی پەیوەندیدار پەیوەست بە دەروازەكان.
لە هەمان کاتدا زۆر گرنگە کە حکومەتی هەرێم هەوڵی چەسپاندنی ئەم پابەندبوونە بدات لە چوارچێوەیەکی یاسایی فیدراڵی ڕوون، وەدڵنیابێت لەوەی کە نابێتە ژێر لێکدانەوە یان فشاری هەلومەرجی، بەڵکو ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتێکی تۆکمەی گومرگی نیشتمانی کە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو دەروازەکان جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتاییدا، جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکودا لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە ئەوە دەردەخات کە پرسەکە تەنها ئیدارەی مۆدێرنی تێنەپەڕاندووە، بەڵكو گۆڕاوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتی پەیوەندی ئابووری و دارایی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان. سیستەمەکە لە بنەڕەتدا تەنها بە یەکخستنی باجی گومرگی سنووردار نییە بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان بە سیستەمی دارایی فیدراڵیەوە کاردەکات، ئەمەش ڕێکخستنی بازرگانی و ڕۆیشتنی پارە دەکاتە بڕیارێکی  ناوەندی نەك  فیدراڵی  .
د.پیرۆت محمد امین  
پسپۆڕی : دارایی گشتی

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group