شەش فەرمانبەری بازگەی هەولێر-كەركووك بەهۆی وەرگرتنی سەرانەوە دەستگیركران

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
دەستەی دەستپاكی فیدراڵیی عێراق، دەستگیركردنی شەش فەرمانبەری لە بازگەیەكی گومرگی نێوان هەولێر و كەركووك ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرایكرد، لە هەڵمەتێكی نووسینەی لێكۆڵینەوەی دەستەكەیان لە كەركووك بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بە فەرمانی دادوەر شەش فەرمانبەری بازگەی گومرگی نێوان كەركووك-هەولێریان دەستگیركرد.
ڕوونیشیكردەوە، دەستگركراوەكان تۆمەتبار بوون بەوەی بە ئەنقەست مامەڵەی هاووڵاتییانیان ڕایی نەكردووە سەرەڕای ئەوەی مامەڵەكانیان تەواو یاسایی و بێ كێشە بوون و لەبەرامبەر تەواوكردنی مامەڵەكاندا داوای سەرانەیان كردووە.
دەستەی دەسپاكی ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمەتبارەكان بەپێی بڕیاری 160ی ساڵی 1983 ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند كراون، تاوەكو ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group