نەوا-
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئوردن داوا لە هاووڵاتییانی دەكات بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئامادەكاری بۆ جێهێشتنی ناوچەكە بكەن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئوردن ئەمڕۆ شەممە هۆشدارییەكی توندی ئەمنی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، ڕەوشی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەكراوی هەیە، بۆیە دەبێت ئەمەریكییەكان هۆشیاربن و لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكەدا ئامادەبن بۆ جێهێشتنی ناوچەكە.
باسی لەوەش كردووە كە هەڵوێستەكانی ئێران پێشبینینەكراون و مەترسیی ئەوە هەیە ئێران و گروپە نزیكەكانی، دامەزراوە دیپلۆماسییەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە سەرانسەری جیهان بكەنە ئامانج، تەنانەت ژێرخانی مەدەنی وەك هۆتێل و فڕۆكەخانەكانیش.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئوردن بەتایبەتی داوا لە هاووڵاتییانی دەكات خۆیان بەدوور بگرن لە سەردانیكردنی بنكە سەربازییەكان لەناو خاكی ئوردن و تێكەڵنەبوون بە شوێنی خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان.
هەروەها داوا لەو ئەمەریكییانە دەكات كە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بە جددی پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتكردنیان بۆ ناوچەكە بكەن و بەردەوام چاودێری ڕێنماییە ئەمنییەكانی تایبەت بە فڕۆكەخانەكان بكەن.