"ئێران خاوەنی مووشەكێكە مەوداكەی هەشت هەزار كیلۆمەترە"

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
نوێنەری رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا لە واشنتن، هۆشداری توندی داوەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە توانای مووشەكیی ئێران.
ئایەتوڵڵا سەید حەسەن عاملی پێشنوێژی هەینی شاری ئەردەبیلی ئێران و نوێنەری رێبەری باڵای ئێران رایگەیاندوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو، ناتانیاهۆ بە ترەمپی وتوە، ئێران خاوەنی مووشەكێكە مەوداكەی هەشت هەزار كیلۆمەترە و دەتوانێت بە ئاسانی ماڵەكەت (كۆشكی سپی) بكاتە ئامانج.
وتیشی، من پێشبینیكەر نیم تا باسی غەیب بكەم، بەڵام ئەوەی ناتانیاهۆ بە ترەمپی وتووە وەك رۆژی روون لای من ئاشكرایە،  هەروەها باسی لەوەشكردوە، ناتانیاهۆ سێ پەیامی سەرەكی بردووە بۆ واشنتن كە گرنگترینیان هاندانی ترەمپ بووە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەكانی بۆ سەر ئێران.
بە وتەی عاملی ناتانیاهۆ هەوڵی داوە ترەمپ قایل بكات، لە ناوخۆی ئێراندا دووبەرەكی هەیە لە نێوان لایەنگرانی جەنگ و ئەوانەی داوای سازش دەكەن، ئەمەش وەك خاڵێكی لاوازی ئێران نیشان داوە.
 جگە لەوەش، ناتانیاهۆ نەخشەیەكی ساختەی ناوچەی (كۆە كەلنگ) لە پارێزگای ئەسفەهانی نیشانی ترەمپ داوە و بانگەشەی ئەوەی كردووە، ئێران تەنیا چەند كاتژمێرێكی ماوە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group