حەیدەر عەبودی: 120هەزار هەلی كاری نوێ بەشێوەی گرێبەست بڕیاری لێدراوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران رێكارەكانی بە هەمیشەیی كردنی بۆ زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەری كاتی و رۆژانە تەواو كراون و پارەی پێویستیان لە بودجەی 2027دا بۆ تەرخان كراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوە لەبەر زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بۆ رەخساندنی هەلی كارە بۆ گەنجان.
روونیشیكردەوە، 120 هەزار هەلی كاری نوێ بەشێوەی گرێبەست بڕیاری لێدراوە، بە جۆرێك 50 هەزار هەلیان بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەبێت و 70 هەزارەكەی دیكەش بەسەر وەزارەتەكان و پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت، جەختیشی كردەوە، داواكارییەكان لە رێگەی ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنییەوە وەردەگیرێن تاوەكو شەفافیەت و دادپەروەری تێدا بێت.
حەیدەر عەبودی دەشڵێت، بودجەی ساڵی 2027 دوای تاوتوێكردنی لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ پەسەندكردنی، دواتریش بە فەرمی دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری بۆ هەلی كارە نوێیەكان دەكرێتەوە.