وتەبێژی حكومەت لە رێگەی نەواوە پەیامێك ئاراستەی موچەخۆران دەكات

24/08/2019

نەوا
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم باس لەوەدەكات بودجەی بڕاوی هەرێم لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 زیاترلە 8 ملیار دۆلارە كە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە، هاوكات لە رێگەی نەواشەوە پەیامێكی دڵنیایی دەداتە موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێم.
لەمیانی بەرنامەی هێڵی سێیەمی رادیۆ نەوا جوتیار عادل سەبارەت بە دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا وتی: ئامانجی سەرەكیمان رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان بەردەوام باسی لەوەكردووە كە ئامادەیە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی عێراق بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا دانوستانەكان پێویستیان بە هەندێك وردەكاریە.
رونیشیكردەوە، یەكێك لەو وردەكاریانە پەیوەستە بە موچە و بودجەی هەرێم كە لە 2014 ەوە بۆ 2018 لە لایەن حكومەتی عەبادی بڕدرا كە بڕەكەی دەكاتە 8 بۆ 9 ملیار دۆلار و لە ئەستۆی حكومەتی بەغدا ماوەتەوە و هەرێمی كوردستانیش لە لای گرنگە ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنرێتەوە .
گەشبینی خۆیشی نیشاندا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو جۆرە كێشانە كە قسە و باسی لە بارەوە كراوە، بگەنە ئەنجامێكی باش كە سودی بۆ هەردوولا هەبێت.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی تری بەرنامەكەدا پەیامێكی ئاراستەی موچەخۆران و هاولاتیانی هەرێم كرد و وتی: بەهیچ شێوەیەك سازش ناكەین لەسەر قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بە پێی دەستور جێگیر كراون و حكومەت زۆر پێداگرە لەسەر ئەوە دۆخی رابردوو دوبارە نەبێتەوە و ئەمە ستراتیژی حكومەتی هەرێمەوە و پابەندن بەوەی موچە لە كاتی خۆیدا بدرێت و خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە كە دۆخی پێشتر دوبارە نابێتەوە.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group